دۆڵەمەری: فەرەنسا پێشنیاری کرد لە قەڵای ھەولێر خانوویەک بەناوی پاریس بکرێت

فەرەنسا -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا دەڵێت: "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ پاریس زۆر ئەرێنیی و بەرھەمدار بوو، سەرۆک بارزانی بانگھێشت کرا بۆ بەشداربوون لە مەراسیمی ١٠یەمین ساڵیادی تەقینەوەکانی پاریس."
د.عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ وڵاتی فەرەنسا زۆر باش و بەرھەمدار بوو، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی پاریس سەرۆک بارزانی بۆ ١٠یەمین ساڵیادی تەقینەوەکانی پاریس بانگھێشت کرا، کە بڕیارە لە مانگی تەشرینی دووەم بەڕێوە بچێت، لەو مەراسیمە سەرۆکی فەرەنسا و چەندین سەرکردەی دیکەش ئامادە دەبن، سەرۆک بارزانیش وەکو سەرکردەی ھێزەکانی پێشمەرگە و سیمبولی ئەو ھێزانە بانگھێشت کراوە، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە شەڕی دژی داعش.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنساش کۆبووەوە و باسی گۆڕانکاریی و دۆخی ناوچەکە و بەتایبەتیش پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چارەسەری کێشەی کورد لە سوریا و کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کرا، ھەردوو لا جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستووری عێراق کردەوە."
د.عەلی دۆڵەمەری دەشڵێت، "وڵاتی فەرەنسا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکانی وەکو ئابووری، کلتووری، پەروەردەیی و بوارەکانی دیکەش لە ئاستی زۆر باشتر دابن، ھەر بۆیە سەرۆکی شارەوانی پاریس پێشنیاری بۆ سەرۆک بارزانی کرد خانوویەک لە قەڵاتی ھەولێر لە پێناو مافی ئافرەت و پێکەوەژیان و دیموکراسیەت بەناوی پاریس بکرێت."
بڵند ئیبراھیم




