پێشمەرگەکانی خواکوڕک بۆ KDP: گۆڕانکاریی گەورە لە دوای داستانی خواکوڕک ڕووی دا

ھەولێر-KDP.info- لە ٣٧ەمین ساڵیادی داستانی خواکوڕکدا، فەرماندە و پێشمەرگەکانی بەشداربووی داستانی خواکوڕک دەڵێن، داستانی خواکوڕک بە ھیممەتی سەرۆک بارزانی ئەنجام درا و لە کاتێکدا کە گەلی کورد بێئومێد ببوو، ئومێدی بۆ گەلی کوردستان گەڕاندەوە و بەرھەمیشی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بوو و پێشمەرگەش بۆ ھەموو جیھانی سەلماند پێشمەرگە و کوردستان ھەر دەمێنن.
لیوا مووسا گەردی، بەرپرسی میحوەری باشیک و فەرماندە و بەشداربووی داستانی خواکوڕک، تایبهت به ٣٧ەمین ساڵیادی داستانی خواکوڕک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "گرنگیی داستانی خواکوڕک لەوە دابوو، بە ھیممەتی سەرۆک بارزانی بوو کە شەڕەکە بەو شێوەیە دەستی پێکرد و لە کاتێکدا ئەو داستانە تۆمار کرا، ئومێد و ڕۆشنایی بۆ میللەتی کورد نەمابوو، بەڵام بە ھیممەتی سەرۆک بارزانی و ئەو پێشمەرگانەی بەشدار بوون و خۆیان کردە قوربانی بۆ کوردستان، وایان کرد ئومێدێکی زۆر بۆ گەلی کورد دروست بێت کە بەرھەمەکەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بوو.
لیوا مووسا گەردی گوتیشی، "ئیرادەی ھێزی پێشمەرگە وای کرد ڕووبەڕووی ئەو ھێزە زۆرەی ئەوکاتی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بێتەوە، کە نەک تەنیا عێراق، خەڵکی دیکە پاڵپشتییان دەکرد، بۆیە ئەو ئیرادەیەی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە زۆر لەو ھێزە گەورەتر بوو ھێرشی سەر ئێمەی کرد.
گەردی هەروەها باسی لەوەش کرد، "ئەوکات ڕژێمی بەعس چەکی کیمیاییشیان بەکارھێنا و منیش یەکێک بووم لەو ٦٣ کەسەی ڕێکخراوی گۆرەز كه بەرکەوتین لە گوندی زەروا لەکۆتا گوندی سەر سنووری ھەرێم، کە کاتژمێری ٢:٣٠ خولەکی شەو چەکی کیمیاییان دژی ئێمە بەکارھێنا.
لیوا مووسا گەردی دەشڵێت، "دوای سەرکەوتنی داستانی خواکوڕک، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، لە پشت بەردی شێخا لەوێ کۆبوونەوە کرا و سەرۆک بارزانی پێشبینیی زۆر باشی کرد و چی گوت وەکو خۆی ھاتەدی، دوای داستانهكهش ساڵێکی نەخایاند باس لەوە کرا ئامادەبین گۆڕانکاریی گەورە بەڕێوەن و ھیچ پێشبینیی ئەوەمان نەدەکرد ڕاپەڕین ڕوودەدات، بۆیە شۆڕشی گوڵان تەواوکەری شۆڕشی ئەیلوول بوو و ڕاپەڕینیشی ھاتە سەر، کە ئەوەش وای کرد ھیوا بۆ گەلی کورد بگەڕێتەوە کە خەڵکی کوردستان شانبەشانی پێشمەرگە ڕاپەرینیان ئەنجام دا، بۆیە دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ، بەرھەمی ئەو شۆڕش و داستانانەن کە ھێزی پێشمەرگە ئەنجامی داون.
هاوكات ڕزگار سەجادی، یەکێک لە پێشمەرگەکانی بەشدار لە داستانی خواکوڕک، بۆ یادی ئهو داستانه بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "پێش دەستپێکردنی داستانی خواکوڕک، ئێمە زۆر نائومێد ببووین و کوردیش بێھیواییەکی پێوە دیار بوو و ژیانی پێشمەرگە ناخۆش بوو، بۆیە دوای ئەو داستانە، ئومێد بۆ پێشمەرگە و گەلی کورد گەڕایەوە، چونکە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بە ھەرچی چەک و ھێز ھەیە دوای شەڕی عێراق و ئێران ھێنابووی وای دانا کوردستان چیتر نەماوە، بەڵام بە پشتیوانیی خوا، سەرۆک بارزانی بە سیاسەتی حەکیمانەی خۆی توانی پلانێک دانێت کە بیسەلمێنێت پێشمەرگە ماوە و ھەر دەمێنێت، بۆیە ئومێدێکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان دروست کرد، سەرۆک بارزانی وتارێکی دا و گوتی، ئێمە شەڕی مان و نەمان دەکەین و پێویستە بۆ جیھان بسەلمێنین ئێمە ماوین، عێراقیش خۆی نەگۆڕێت و پێداچوونەوە بەخۆیدا نەکات گۆڕانکاریی گەورە ڕوودەدات، بۆیە پێشبینییەکەی وەک خۆی بەدیھات و گۆڕانکاریی گەورە لە دوای داستانی خواکوڕک ڕووی دا، بهڵام بەداخەوە کۆمەڵێک پێشمەرگە بوونە قوربانی و شەھید بوون.
ھەر لەوبارەیەوە، بێستوون تۆفیق عەبدوڵڵا، پێشمەرگەی بەشدار لە داستانی خواکوڕک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە سەرەتاوە ئارەزووی ئەوەم دەکرد و ئاواتم بوو ببمە پێشمەرگە و ئاواتەکەشم ھاتە دی و بوومە پێشمەرگە، هەروەها بوونی سەرۆک بارزانی زیاتر ئێمەی ھان دەدا ببینە پێشمەرگە و زیاتر ورەی ئێمە بەرز دەبووەوە، چونکە سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتیی ھەموو شەڕەکانی دەکرد و لە داستانی خواکوڕکیش خۆی سەرکردایەتی دەکرد و پاڵپشتییەکی بەھێز بوو بۆ ئێمە، بۆیە توانیمان لەو داستانە سەرکەوتنێکی مەزن تۆمار بکەین و بۆ جیھان بیسەلمێنین پێشمەرگە و کورد ھەر ماون و دەمێنن، ڕژێمی ئەوکات ھەموو توانای خۆی بەکارھێنا و بەرامبەر پێشمەرگە شکستیان ھێنا و پێشمەرگە داستانێکی گەورەی تۆمار کرد، چونکە ھەستمان دەکرد سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی ئێمە دەکات و ورەی ئێمەی بەرز دەکردەوە، بۆیە بە ئیرادەیەکی بەھێز و پۆڵایین توانیمان ڕژێمی ئەوکات تێکبشکێنین و سەرکەوتن بۆ کورد و کوردستان تۆمار بکەین.
بڵند ئیبراھیم




