وەکو گەل و حکوومەتی فەرەنسا بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە لەگەڵ ئێوە وەستاوین

فەڕنسا-KDP.info- رۆیگنان، نوێنەری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە مەراسیمی کردنەوەی پارک و ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس گوتی، ئێمە بەبێ پێشمەرگە، نەماندەتوانی بەسەر داعشدا سەربکەوین دهشڵێ، ئەمڕۆ وەکو گەل و حکوومەتی فەڕەنسا بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە، لەگەڵ ئێوە وەستاوین.
ئهمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، رۆیگنان، نوێنەری وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە مەراسیمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پارکی لە ئۆندرێ سیترۆێن لە پاریس گوتی، "ئێمە بەڕێزێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ وەکو گەل و حکوومەتی فەرەنسا بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە، لەگەڵ ئێوە وەستاوین، ئەو جەنگاوەرە بەهێزانەی بە ئافرەتان و پیاوەکانیانەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەقینەی گرووپی تیرۆریستی داعش بوونهوه کە هەڕەشە بوو بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی لە ساڵی 2014دا.
نوێنەری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی، "کاتێک داعش دەیویست بگاتە پاریس، پێشمەرگە ڕێگریی لێکرد، پێشمەرگە، ناوێکە بۆ قوربانیدان و بەرگریی، ئێمە ڕێز لە قوربانی پێشمەرگە و گەلی کوردستان دەگرین، گەلی فەرەنسا و حکوومەتی فەرەنسا لەگەڵ کوردەکان، بەهاوبەشی ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش دەکرد، بۆ ئازادکردنەوەی ئەو خاکەی داعش داگیری کردبوو.
گوتیشی، "ئێمە نەماندەتوانی بەبێ پێشمەرگە بەسەر داعشدا سەربکەوین و پاشەکشەی پێ بکەین لەسەر زەوی، پێشمەرگە قوربانی لەپێناو کریستیان و ئیزدییەکان و پێکهاتەکانیشدا.
رۆیگنان، نوێنەری وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتی کردەوە، "ئەو قوربانییەی پێشمەرگە و هەموومان دامان، لە جەنگی دژی داعش بوو کە ئەو مەترسییە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە، لە عێراق و سووریا، گوتیشی، "ئێمە پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەین، ئێمە بەڵێنمانداوە کوردستان بپارێزین.
نوێنەری وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، "سوپاسی شارەوانی پاریس دەکەم بۆ ئەو هەماهەنگییەی هەیەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەناوی وەزیری دەرەوە ئەو پەیوەندییەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، بە پەیوەندییەکی بەهێز وەسف دەکەین.




