٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

فەڕنسا-KDP.info- ئه‌مڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لە پارکی ئۆندرێ سیترۆێن، گوتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ پاریس و ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە دەربڕی.

سەرۆک بارزانی گوتی، "ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، فەڕەنسا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەڵوێستی مرۆڤایەتی و دۆستایەتی بەرانبەر بە گەلی کوردستان هەبوو.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، فەڕەنسا هەمیشە پشتیوانیی دۆزی گەلی کورد بووە، یەکەم وڵات بووە لە ئەورووپا کە ڕێگەی داوە ئینستیوتی کوردستانی لە پاریس بکرێتەوە.

لە بارەی پێشمەرگەوە، سەرۆک بارزانی، ڕایگەیاند، "پێشمەرگە ئەرکێکی پیرۆزی ئەنجامداوە، بەڵام ئەم ڕێزگرتنەی کە ئێوە ئەمڕۆ بۆ پێشمەرگەتان کردووە، گوزارشت لە ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگە و دۆستایەتی نێوان گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان دەکات".

جەختی لەوە کردەوە، "کوردستان هەمیشە جێگەی پێکەوەژیانە، پێشمەرگەش هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەبێت.

سەرۆک بارزانی باسی لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی داعش کرد و گوتی، "لە شەڕی دژی داعش 12 هەزار پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون، پێشمەرگە لەو شەڕەدا سەروەرییەکی گەورەی بۆ خۆی و بۆ گەلی کوردستان تۆمار کرد.

سەرۆک بارزانی سەرنجی خستە سەر پەیوەندی گەلی کوردستان و فەڕەنسا و ئاماژەی بەوە کرد، بە دڵنیاییەوە هەتا کوردێک مابێت هەمیشە سوپاسگوزاری گەلی فەڕەنسا دەبێت، پەیوەندی نێوان ئەو دوو گەلەش بەهێزتر و بەردەوام دەبێت.

لە بارەی هەڵوێستی فەڕەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "جێگەی خۆشحاڵییە کە هەڵوێستی فەڕەنسا بەرانبەر بە دۆزی کورد نەگۆڕاوە، هەر چەندە لەو وڵاتە چەندین سەرۆک گۆڕدراون، بەڵام هەڵوێستیان بەرانبەر بە کورد نەگۆڕاوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی باسی لە فرانسوا میتێران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا کرد و گوتی، "فرانسوا میتێران یەکەم سەرۆکی ئەورووپی بوو لە ساڵی 1992 پێشوازیی لێ کردم ئەمەش مایەی شانازی و سەربەرزییە بۆ من، هەروەها یەکەم خانمی ئەورووپیش کە فرمێسکی بۆ قوربانییانی گەلی کوردستان ڕشت، دانیال میتێران هاوژینی فرانسوا میتێران بوو، هەرگیز ئەو هەڵوێستەیان لەبیر ناکەین.

سەرۆک بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، فەڕەنسا و گەلی وڵاتەکە هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندان. گوتیشی، "بژی پاریس، بژی هەولێر، بژی دۆستایەتی گەلی فەڕەنسا و کوردستان".

هەر لە بارەی ڕۆڵی پێشمەرگەوە سەرۆک بارزانی، ڕوونی کردەوە، پێشمەرگە بەرگریی لە هەموو عێراق دەکات دژی تیرۆرستان، ئەمەش شەڕەفێکی مەزنە کە ئەو ئەرکە پیرۆزە بەجێ دەهێنن و مایەی شانازییە.

ئەمڕۆ لە شاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، لە پارکی 'ئۆندرێ سیترۆێن'، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس، پەردە لەسەر تابلۆی پێشمەرگە لادرا و شەقامێکیش بە ناوی پێشمەرگە ناونرا.

هەواڵی پەیوەندیدار