سەرۆکی شارەوانی پاریس: من عاشقی کوردستانم.. ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین

فەڕنسا-KDP.info- هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی بارزانی گەیشتە باڵەخانەی شارەوانیی پاریس و لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش، سەرۆک بارزانی چەند دیارییەکی كوردستانی پێشکەش بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد.
سەرۆک بارزانی، کتێبێکی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد، کتێبەکە باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی دەکات بەرانبەر گرووپی تیرۆریستی داعش.
دواتر، سەرۆک بارزانی، تابلۆیەکی پێشمەرگەی پێشکەشی ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شاری پاریسی کرد و گوتی: ئەوە تابلۆی پێشمەرگەیە، ئەو پێشمەرگەی شەڕی داعشی کرد لەبری هەموو جیهاندا.
سەرۆکی شارەوانی پاریس ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دیارییە زۆر بەهادارە لای من، پێویستە لە شوێنێک دابندرێت لە ئۆفیسەکەم، هەر میوانێکم بێت، پێویستە تابلۆی پێشمەرگە ببینن، گوتیشی: ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین.
دواتر سەرۆک بارزانی، هەنگوینی کوردستانی پێشکەشی سەرۆکی پاریس کرد و گوتی: ئەمە باشترین هەنگوینی کوردستانە، سەرۆکی شارەوانی پاریس بە دیارییەکەی سەرۆک بارزانی سەرسام بوو، گوتی: من عاشقی کوردستانم.




