مامۆستایانی زانکۆ بۆ KDP: وتارەکەی سەرۆک بارزانی له خواکوڕک بووه سهرچاوهی هیوا

ھەولێر-KDP.info- لە ٣٧ھەمین ساڵیادی داستانی خواکوڕکدا، مامۆستایانی زانکۆ باسی گرنگیی ئەو داستانە مەزنە دەکەن و دەڵێن، ئەوەی سەرۆک بارزانی لە سەرکەوتنی ئەو داستانە پێشبینیی کرد، وەکو خۆی ھاتەدی و دەستکەوتەکانی ئەمڕۆش بەرھەمی ئەو داستانە و شۆڕشەکانی کوردستانن، کە گەلی کورد قوربانیی زۆری لەپێناویدا داوە.
پهیوهست به ٣٧مین ساڵیادی داستانی خواکوڕک، د. عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ لە ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێ، "وتاری سەرۆک بارزانی لە داستانی خواکوڕک لە چەندین لاوە شایەنی تێڕامان و وردبوونەوەیە، یەکەم خاڵ ئەوەیە دەچێتە چوارچێوەی وتاری پێشبینیی دوورمەودا و ستراتیژی، لەوکاتەدا کە جەنگی عێراق و ئیران بەرەو کۆتایی دەچوو، رژێمی عێراق خۆی بە سەرکەوتوو دەزانی و پێگەی نێودەوڵەتی بەھێز بوو و ھێشتا جەنگی سارد کۆتایی نەھاتبوو، سەرۆک بارزانی پێشبینیی ڕووداوی گەورەی جیھانی و ھەرێمی و ناوخۆیی دەکات و دوای دوو ساڵ بۆچوونی سەرۆک بارزانی ھاتە دی و بە داگیرکردنی کوێت لەلایەن ڕژێمی بەعس ھەروەھا ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت ناوچەکە و جیھان کەوتنە ناو پرۆسەی وەرچەرخانێکی گەورە و جارەنووسساز، لەلایەکی دیکەوە خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی بۆ سرووشتی رژێمی دیکتاتۆری، ورد و ڕاست دەرچوو لەوەی سرووشتی ئەو ڕژێمانە و لەناویاندا ڕژێمی بەعس بۆ ئیدارەدانی کێشە و قەیران، لەسەر ئاستی ناوخۆ و ھەرێمی وایە، کە ناتوانێت لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئاشتیانە و گفتوگۆ ئیدارەی قەیرانەکان بدات و پەنا بۆ چارەسەری سەربازی دەبات، ڕێک واش دەرچوو لە ئەنجامی لێکەوتەکانی شەڕی عێراق و ئێران و لێکەوتەکانی کار گەیشتە ئەو ڕادەیەی رژێمی بهعس بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بکات، کە گەیشتە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی وسیاسەتی داگیرکاری، ئەمەش سەری کێشا بۆ جەنگی دووەمی کەنداو و لە کۆتاییدا سەری رژێمی خوارد.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، نوورەدینی گوتیشی، "سەرۆک بارزانی لەوەش پێشبینی دووربین و ستراتیژی و وردبین بوو، کە لە زەمەنی ئەوکاتی داستانی خواکوڕک و وتاری سەرۆک بارزانی، گەلی کوردستان تووشی جۆرێک لە بێھیوایی ببوو و بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد بە جۆرێک لە پاشەکشەدا بوو، بەڵام داستانی خواکوڕک و وتاری سەرۆک بارزانی و ڕۆڵ و ڕابەرایەتیکردنی ئەو داستانە و بیروبۆچوون و وتارە مێژوویی و بەناوبانگەکەی، بوونە سەرچاوەی ھیوابەخشین بە گەلی کوردستان و نیشاندانی ئاسۆیەکی ڕوون، سەرەنجام ئەو بێھیواییەی ھەبوو ڕەواندییەوە و ھێز و ورەی بەخشی بە گەلی کورد و دواتر کوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی گەیشتە قۆناغی ئازادی و حوکمڕانیی کوردی و دامەزراندنی قەوارەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.
ههر پهیوهست به ٣٧مین ساڵیادی داستانی خواکوڕک، د. کاوە عەبدولعەزیز، مامۆستای زانکۆ لە دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "داستانی خواکوڕک یەکێکە لە داستانە گرنگەکان لە مێژووی گەلی کورد و ئەوەی ئێستا ھەیە، بەرھەمی ئەو داستانەیە و سەرۆک بارزانی ئەوکات پێشبینی بۆ کرد بەدی ھات، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ لە کۆنفرانسی لەندەن پێشبینی کرد رژێمی عێراق نامێنێت و گۆڕانکاری لە عێراق دەکرێت، ئەویش ڕوویدا، بۆیە سەرۆک بارزانی پێشبینییەکانی ھەمووی بەدی دێن و حەکیمانەیە لە سیاسەتدا، بێگومان ئەو ئاوەدانییەی لە ھەرێمی کوردستان دروست بووە، دوای داستانی خواکوڕک هاتووەتە دی، چونکە دوای ساڵی ١٩٩١ دەسەڵاتی کوردستان ھاتە سەر کوردستانێکی وێران و ژێرخانێکی ئابووریی وێران، کە چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندی خاپوور کرابوو و ڕەز و باخی سوتێندرابوو و ئاژەڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆخۆی بردبوو و حکوومەتی ههرێم لە ژێر سفر دەستی پێکرد.
ھەر لەم بارەیەوە، د. کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێت، "لە ساڵی ١٩٨٨ شەڕی خواکوڕک ڕوویدا، کە داستانێکی مێژووییە بەھۆی ئەوەی شەڕێکی نابەرابەر بوو بەوپێیەی ھێزێکی زەبەلاحی رژێمی بەعس بەرامبەر ھێزێکی کەمی پێشمەرگە وەستابووەوە، ئەمەش دەبێتە داستان و سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی بەعسدا كه تۆمار كرا، سەرۆک بارزانی ئەوکات وتارێکی مێژوویی پێشکەش کرد، کە تێیدا ڕایگەیاند، دۆخی ناوچەکە دەگۆڕێت و بە چەند ساڵێکی کەم دۆخی ناوچەکە گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت، کە بێگومان وتاری سەرۆک بارزانی، سەلماندنی ئەوەیە بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ، ئەوەی ھاتووەتە دی، بەرھەمی ئەو داستانە و شۆڕشەکانی دیکەی کوردە.
د. کەیوان دهشڵێت، "دوای ئەوەی خودی سەرۆک بارزانی توانی سەرکردایەتیی ئەو داستانەی خواکوڕک بکات و تەحەددای عێراق و وڵاتانی ھەرێمی کرد، ئێستا ھەرێمی کوردستان ھەرێمێکی دانپێدانراوە و خاوەن ھێز و حکوومەتی خۆیەتی، بۆیە ئەم داستانە دەبێتە نموونەیەکی بەھێز، کە کورد ھەمیشە بەھێزە و دوژمنانی کورد ناتوانن بەو شێوەیەی دەیانەوێ تەعەدا لە کورد بکەن.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی باسی لەوەش کرد، لە ڕێکەوتی ٥-٩-١٩٨٨ داستانی خواکوڕک لە دەڤەری برادۆست تۆمار کرا و لە شەڕێکی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزێکی گەورەی ئەوکاتی رژێمی بەعس لە ١٩ی تەمووزەوە دەستی پێکرد و تاوەکو ٥ی ئەیلوول بەردەوام بوو، کە دواجار بە سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە ئەو داستانە تۆمار کرا، کە شەڕەکە ماوەی ٤٦ ڕۆژ بەردەوام بوو و ھێزی پێشمەرگە سەرکەوت، کە سەرۆک بارزانی خۆی سەرکردایەتیی شەڕەکەی دەکرد، بێگومان ئەو شەڕە تەنیا دوو ڕۆژ دوای وەستانی جەنگی درێژخایەنی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێکرد و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی بڕیار درا بەرامبەر ئەو ھێرشە بوەستنەوە و بەرگرییەکی بەھێز بکرێت، کە پێنجەم ھێزی زلھێزی جیھان بوو ئەوکاتە، ئەمەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کورد دادەنرێت لەوکاتەدا، چونکە ھێرشەکەی رژێمی بەعس بە شێوەی زەمینی و ئاسمانی بوو و تەنانەت چەکی کیمیایی و چەندین جۆر چەکی قورسی بەکار ھێنا، بەڵام دواجار ھێزی پێشمەرگە لە پێنجی ئەیلوول توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی و داستانێکی پڕسەروەری بۆ گەلی کورد تۆمار بکات، دوای ئەوەش پێشبینیی سەرۆک بارزانی بەدی ھات، کە لە داستانی خواکوڕک پێشبینیی کردبوو گۆڕانکاریی گەورە لە عێراق ڕوودەدات و لە بەرژەوەندیی کورددا دەبێت.
لە ڕێکەوتی ٥-٩-١٩٨٨ پێشمەرگە قارەمانەکان توانیان داستانێکی مێژوویی تۆمار بکەن لە خواکوڕک، لەم داستانەدا دوژمن ههمه جۆره چهكی قورس و قهدهغهكراوی بهكارهێنا
هێزه بهشداربووهكان لهم داستانهدا بریتی بوون له:
هێزهكانی لقی 2، لقی 3 ، لقی 4 ، هێزی بارزان، هێزی ئاواره، هێزی حهمرین، بهرگری میللی، لهم داستانهدا زیانێكی زۆر به هێزهكانی دوژمن كهوت و ٦٣ پێشمهرگه بریندار و ٢٨ی دیكهش شههید كران.
بڵند ئیبراھیم




