د. به‌شیر بۆ KDP: وتاره‌كانی ڕۆژانی هه‌ینی ئه‌م مانگه تایبه‌تن به مانگی مه‌ولوود

هه‌ولێر-KDP.info- به‌رپرسی بۆردی باڵای وتاری هه‌ینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ده‌ڵێ، پلانمان بۆ وتاره‌كانی رۆژانی هه‌ینیی ئه‌م مانگه داناوه، كه تایبه‌ته به مانگی مه‌ولوود و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له هه‌ر چوار وتاری هه‌ینیی ئه‌م مانگه‌دا مامۆستایانی ئایینی باس له خۆشه‌ویستی و رێز و یه‌كگرتن و دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن.
د. به‌شیر حه‌داد، به‌رپرسی بۆردی باڵای وتاری ڕۆژی هه‌ینی له وه‌زاره‌تی ئه‌قاف، تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وامان سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت، پیرۆزبایی له ئێوه ستافی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م، ئومێده‌وارین ئه‌م بۆنه‌یه ببێته هێنانه‌دیی خێر و به‌ره‌كه‌ت بۆ كوردستان و كۆتاییهێنان به هه‌موو ناخۆشی و نه‌هامه‌تی و قه‌یرانه‌كان بێت، ئێمه وه‌ك بۆردی وتار له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له هه‌فته‌ی رابردووه‌وە پلانمان داناوه بۆ وتاره‌كانی ئه‌م مانگه، چونكه ئه‌م مانگه تایبه‌ندیی خۆی هه‌یه، پێویسته وتاری ڕۆژی هه‌ینیی مامۆستایانی ئایینیش تایبه‌تمه‌ند بێت به‌و بۆنه‌یه‌وه، له چوار وتاری هه‌ینیی ئه‌م مانگه‌دا باس له سیفه‌ت و په‌یامه‌كانی پێغه‌مبه‌ر سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت، ده‌كرێت.
د. به‌شیر حه‌داد گوتیشی، په‌یامی پێشه‌وامان بریتییه له په‌یامی خۆشه‌ویستی و رێز و یه‌كگرتن و دادپه‌روه‌ری و خۆشویستنی خاك و نیشتیمان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئێمه ئه‌مڕۆ زیاتر پێویستیمان به‌وه هه‌یه كه په‌یامی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره وه‌رگێڕینه‌وه سه‌ر كرده‌وه و ژیانی ڕۆژانه‌مان و گۆڕانكاری له خودی خۆمان، له كرده‌وه و ڕه‌وشتمان، له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بکەین، ئه‌گه‌ر هیچ گۆڕانكارییه‌كیش نه‌هاته دی، ئه‌وه سوودمان له مه‌ولوود وه‌رنه‌گرتووه.
به‌رپرسی بۆردی باڵای وتاری هه‌ینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ده‌شڵێ، وتاری ئه‌م هه‌فته‌یه و ئه‌م مانگه پیرۆزه هه‌مووی ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پێویسته ئێمه‌ی موسڵمانان گۆڕانكارییه‌ك له خۆماندا بێنینه دی، کە ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیره‌ت و په‌یامی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره بریتییه له ڕه‌حمه‌ت و دادگه‌ری و یه‌كسانی و خۆشه‌ویستی.
قائید میرۆ




