نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ئەمەریکا بۆ KDP: شاندێکی گەورە بازرگانانی ئەمەریکا سەردانی ھەرێم دەکەن

واشنتۆن-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، زانیاری تایبەتی سەبارەت بە ھەماھەنگی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکا و سەردانی شاندێکی گەورەی بازرگانی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان خستە ڕوو کە پێکدێت لە ژمارەیەک کۆمپانیای پێشکەوتوو لە تەواوی بوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیا، چاودێری تەندروستی، ژێرخان و خزمەتگوزاریی دارایی.
تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە سەردانی کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خۆشحاڵە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمەریکایی بۆ ھێنانی شاندێکی گەورەی بازرگانانی ئەمەریکا بۆ سەردانیکردنی ھەرێمی کوردستان".
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زانیاری خستەڕوو و گوتی، "ئەم سەردانە لە کاتێکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستانە، چونکە دوای سەردانەکەی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسروور بارزانییە لە ئایاری ئەمساڵ بۆ واشنتۆن، کە دوو گرێبەستی گرنگی بە بڕی ١١٠ ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمەریکایی واژووکرد و بووە یەکێک لە گەورەترین وەبەرھێنانەکان لە ھەرێمی کوردستان".
ناوبراو باسی لەوەشکرد، "ئەم شاندە بە سەرۆکایەتی ژووری بازرگانی ئەمەریکا پێکھاتووە لە ژمارەیەک کۆمپانیای پێشکەوتوو لە تەواوی بوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیا، چاودێری تەندروستی، ژێرخان و خزمەتگوزاری دارایی. هەروەها بەشداری ئەم کۆمپانیایانە لە چوارچێوی ئەم شاندەدا نیشانەی زیادبوونی ئارەزووی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمەریکایە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و کردنەوەی دەروازەیەکی وەبەرھێنانە لە عێراق و ناوچەی فراوانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست".
سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکە تریفە عەزیز ڕوونیکردەوە، "شاندەکە چاویان بە بەڕێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرھێنان و ژوورە بازرگانییەکانی پارێزگا جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت، ئەم کۆبوونەوە و گفتوگۆیانە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا، دۆزینەوەی دەرفەتە ھاوبەشەکانی کارکردن و دەستنیشانکردنی ئەو پڕۆژانەی لەوانەیە ببنە مایەی زیاتر بەھێزکردنی ھەماھەنگی ئابووری".
سەبارەت بە سیاسەت و ستراتیجی حکوومەتی ھەرێم بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی دەرەکی و فرەچەشنکردنی وەبەرھێنان و بەرھەمھێنان، تریفە عەزیز گوتیشی، "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕوونی بەرنامەی کاری لەپێشینەی ڕاگەیاندووە بۆ ھەمەجۆرکردنی سەرچاوە ئابوورییەکان و بەھێزکردنی ھاوبەشێتی لەگەڵ وەبەرھێنەرانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی دەرفەتی تازەی گەشەی ئابووری و ھەلی کار".
نوێنەری حکوومەتی ھەرێم، جەختیش دەکاتەوە، ھەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بۆ وەبەرھێنان و بازرگانی و پابەندە بە دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر و شەفاف و دۆستانە کە دەبێتە ھۆی ڕاکێشانی وەبەرھێنەران و ھاندانی داھێنان، ھەروەھا سوود دەگەیەنێت بە خەڵکی ھەردوولا.
لە کۆتاییشدا تریفە عەزیز گوتی، بە پێشوازیکردن لەم شاندە ئەمەریکەییە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە پابەندبوونی بە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا، نەک تەنیا لەڕووی سیاسی و ئاسایش بەڵکو لە بواری بازرگانی، وزە و پەرەپێدانی ئابوورییەکی سەقامگیریش.
سەلاح جەلال




