سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بۆ KDP: لێکنزیکبوونەوەی باش لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و دەستوور ھەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و پێویستە حکوومەتی عێراقیش بە ھەمان شێوە پابەند بێت بۆ ئەوەی کێشەی مووچە بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر ببێت و مانگانە مووچە ڕەوانە بکرێت.
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق، تایبهت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "گفتوگۆی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامە و لێکنزیکبوونەوەی باش ھەیە لە نێوان ھەردوولا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر داھاتی نەوتی و نانەوتی پابەندی سەرجەم ئەو ئەرکانە بووە کە لەسەر شانی بووە و پێویستە حکوومەتی عێراقیش بە ھەمان شێوە پابەند بێت بۆ ئەوەی کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر ببێت، چونکە پێویستە کێشەکان بەپێی یاسا و دەستوور چارەسەر بکرێن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە جەخت لە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوور دەکاتەوە.
ڤیان سەبری گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نیازپاکیی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی ھەرچی ئەرکە و چاوەڕێ دەکرێت عێراقیش بە ھەمان شێوە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و مانگانە مووچە ڕەوانە بکات و چیتر مووچە نەبێتە گرفت و مانگانە ڕەوانەی بکات، لەبەر ئەوەی ماوەی چەند مانگێکە مووچە ڕەوانە نەکراوە و تازە بەغدا بەنیازە مووچەی مانگی شەش رەوانە بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت، ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی، ھەموو کاتێک لەسەر خەتین و لەھەوڵداین بۆ ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و کێشەی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




