فەرمانگەی پەیوەندییەکان بۆ KDP: گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام لەگەڵ وڵاتان ھەوڵ دەدات بێن نوێنەرایەتیی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە و ئێستا نوێنەری ٣٥ وڵات لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بڕیارە بەم زووانەش گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەمەریکی سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
عەبدولخالق محەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندی و راگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەیەک ھەیە بە ناوی دارستانی کۆنسووڵخانەکان لە شاری ھەولێر، ئەمە بیرۆکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و پێشنیازی کردووە و قسەش لەگەڵ شارەوانی و لایەنی پەیوەندیدار کراوە و زەوی دابین کراوە و کاردەکرێت بۆ بەدواداچوونی زیاتر و ئامادەکردنی دیزاینی باشتر، بۆ ئەو مەبەستەش قسە لەگەڵ کۆنسووڵخانەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین کامەیان ئامادەن بەشداری لەو پڕۆژەیەدا بکەن، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت، چونکە کۆنسووڵخانەکانیش ئەم پڕۆژەیەیان پێ باشە و وڵاتی چین بڕیارە حەوت پارک دروست بکات، یەکێک لەوانە تەواو کراوە، بۆیە کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ھاوکار و پاڵپشتن لەگەڵ ئێمە.
بەڕێوەبەری پەیوەندی و ڕاگەیاندنی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی، "لە ھەرێمی کوردستان ٣٥ وڵات بە ئاستی جیاواز بوونیان ھەیە، بەشێکی کۆنسووڵخانەی گشتی، بەشێکیان کۆنسووڵخانە، بەشێکی دیکە نووسینگەی باڵیۆزخانە و بەشێکیش کۆنسووڵخانەی فەخرین و نوێنەری وڵاتان بە گشتی ژمارەیان ٣٥ وڵاتە، کە وڵاتانی دەوروبەری وەکو تورکیا، ئێران، وڵاتانی کەنداو سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و کوێت و میسر و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان ھەن.
دەشڵێت، "زۆر وڵاتی دیکەش بەنیازن بێن نوێنەرایەتی لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، سەرۆکی فەرمانگەش لە ھەموو دیدار و سەردانەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە و ھانیان دەدات نوێنەرایەتی لە ھەرێم بکەنەوە و کۆمپانیاکانیان بێن لە ھەرێم وەبەرھێنان بکەن، کە ئەوە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و لە پێناو بەرژەوەندیی ھەردوو لایەنە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەبدولخالق محەمەد ئاشکرای دەکات، لە ماوەیەکی نزیکدا گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا.
بڵند ئیبراھیم




