د. به‌شیر بۆ KDP: رێنمایی به مامۆستایانی ئایینی دراوه باس له مه‌ترسییه‌كانی بكه‌ن

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی بۆردی باڵای وتاری هه‌ینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی پێی وایه، مه‌ترسی و زیانه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر كه‌متر نییه له مه‌ترسی و زیانه‌كانی تیرۆر. ده‌شڵێ، مامۆستایانی ئایینی رۆڵیان له هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك هەیە.
د. به‌شیر حه‌داد، سه‌رۆكی بۆردی باڵای وتاری هه‌ینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، مامۆستایانی ئایینی گرینگییه‌كی زۆریان به بابه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر داوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان مه‌ترسین له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه، به‌پێی بۆردی باڵای وتاری ئایینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقافیش، رێنمایی به مامۆستایانی ئایینی دراوه ماوه ماوه له وتاره‌كانیاندا باس له مه‌ترسییه‌كانی مادده هۆشبه‌ره‌كان بكه‌ن و خه‌ڵك هۆشیار بكرێته‌وه له لێكه‌وته‌كانی، وه‌ك به‌بیرهێنانه‌وه و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌و بابه‌ته باس ده‌كرێت، هه‌روه‌ها مامۆستایانی ئایینی به‌رده‌وام به‌شداری له مێزگرد و سیمینار و كۆنفرانس ده‌كه‌ن بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان.
سه‌رۆكی بۆردی وتاری هه‌ینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌ڵێت، زیانه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ئه‌وه‌نده مه‌ترسیدارن ئه‌گه‌ر مه‌ترسی و زیانه‌كانی له تیرۆر زیاتر نه‌بێت، كه‌متر نییه له‌سه‌ر گه‌نجانی وڵاتی ئێمه، چونكه ده‌بێته له‌ناوبردنی مرۆڤ و تێكدانی كه‌سایه‌تیی گه‌نجان و ئایین و ره‌وشت و یه‌كپارچه‌یی خێزان له‌ناو ده‌بات و كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئاقارێكی زۆر خراپ ده‌بات.
د. به‌شیر لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، پێویسته لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، به‌تایبه‌تی حكوومه‌ت له رێگه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و ناوخۆ هه‌م كار له‌سه‌ر هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بكه‌ن، هه‌میش رێكاری یاسایی بگرنه به‌ر دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌كاردێنن یان ئالووده بوونه، گرینگه سه‌نته‌ری كردنه‌وه‌ی شیاندنه‌وه بكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی ئه‌و سه‌نته‌رانه‌وه چاره‌سه‌ری ئالووده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر بكرێت.
قائید میرۆ




