ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران ئەرك و كارەكانی خۆیان لە ڕێگەیKDPیەوە دەخەنەڕوو

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران دەڵێت، لەو کاتەوەی ئەنجوومەنەکە دامەزراوە، بە دەیان ڕاپۆرتمان داوە بە سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانیش وەڵامی زۆرینەی راپۆرتەکانی ئێمەیان داوەتەوە، چونکە لە زۆر پرس سەرۆک بارزانی ئەرکمان پێ دەسپێرێت و ئێمەش جێبەجێی دەکەین.
ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران، ئاسۆ کەریم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی لە کۆنگرەی ١٤ پەسەند کراوە لە ماددەی ١٥ کە تایبەتە بە ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران و لەوێ باس لەوە کراوە، ئەوە یەکەیەکی رێکخراوەییە و سەر بە سەرۆک بارزانییە و لەو کادیرانە پێکدێت، کە ڕۆڵێکی باڵایان لەناو پارتی و حکوومەت و پەرلەمان ھەبووە و ئەو ئەنجوومەنەش دوو سێ ئەرکی ھەیە، یەکێک لەوانە ئەوەی بە باش بزانرێت و لە بەرژەوەندیی کوردستان و پارتیدایە ڕای خۆی و ڕاسپاردەی خۆی دەداتە سەرۆک بارزانی، دووەم پێشنیاز بە مەکتەبی سیاسیی پارتی دەدات لەبارەی پرسێکی سیاسیی ئابووری و کۆمەڵایەتی یاخود ھەر پرسێکی دیکە بزانین بەرژەوەندیی خەڵک و پارتی تێدایە و ھەر ئەرکێکیش سەرۆک بارزانی بە ئەنجوومەنی ڕابسپێرێت ئەنجام دەدرێن و ئەوە ئەرکی ئێمەیە.
سەبارەت بە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئاسۆ کەریم گوتی، ئەنجوومەنەکە ٤٢ ئەندامی ھەیە لەگەڵ دەستەی کارگێڕی کە لە ١٥ کەس پێکدێت و خۆی پەیڕەوی خۆی ھەیە و کار و چالاکییەکانی ڕێکدەخات، بۆیە زوو زوو کۆبوونەوە دەکرێت و لە پرسەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاپۆرتی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی بەرز دەکاتەوە.
دەشڵێ، بە دەیان ڕاپۆرتمان داوە لەو کاتەوەی دامەزراوین، کە لە زۆر بوار بووە و ئەوەی بە باشمان زانیوە بۆ سەرووی خۆمان بەرز کردووەتەوە و کۆمەڵێک لیژنەش پێکھاتوون وەکو لیژنەی کاروباری پەرلەمان و حکوومەت و ئیداری و لیژنەی پارتایەتی و لیژنەی دیکەشمان دروست کردوون بەپێی پسپۆڕیی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکان دیقەتی زیاتریان تێدا بێت و ھەر ڕاپۆرتێک ئامادە دەکرێت بەسەر ھەموو ئەنداماندا دابەش دەکرێت و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و ڕاپۆرتێکی وردی لێ دروست دەکرێت و پێشکەشی سەرووی خۆمان دەکرێت، کە وەڵامی زۆرینەی ڕاپۆرتەکانمان دراوەتەوە و ھەندێک جاریش ڕاپۆرتەکان بۆ لایەنی پەیوەندیداریش ڕەوانە دەکرێن لەلایەن بارەگای بارزانییەوە، بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت و جێبەجێ بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




