محەمەد شوکری بۆ KDP: دەمانەوێت پەیوەندیەكانمان لەگەڵ کوێت فراوانتر بكەین

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەرێمی کوردستان کەشێکی لەبار و ئارامی بۆ کاری وەبەرھێنان ھەیە و ئێمەش لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی کوێتی لەسەر هێڵین و بڕیارە بێن لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن و سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێم وەربگرن.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "وەکو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە ڕاکێشانی وەبەرھێنەرانی بیانی دەدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئاسانکاریی تەواو بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی دەکەین.
سەبارەت بە ویستی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی کوێتیش بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان، د. محەمەد گوتی، "کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی کوێتی دەیانەوێت سوود لە دەرفەتەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان وەربگرن و پەیوەندیمان لەگەڵ کوێت باشە و دەمانەوێت پەیوەندییەکان فراوانتر بن و بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرھێنان و بازرگانی و سەرمایەگوزاری کار بکەن، ئێمەش پێشوازی لەو ھەنگاوە دەکەین.
دکتۆر محەمەد زیاتر دەڵێت، "لە ھەرێمی کوردستان ٣٨ کۆمپانیای کوێتی ھەن و کاری بازرگانی دەکەن، ئێستاش لە گفتوگۆداین لەگەڵیان بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرھێنان کار بکەن، کە بڕیار بوو پێش ٢٠١٤ کاری بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان بکەن و دواتریش نەھاتن و ئێستا کار دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن، ئێمەش تەواوی ئاسانکارییان بۆ دەکەین و ھاوکارێکی باشیان دەبین.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێ، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت، کە خۆی بەردەوام لە زیادبووندایە و ھەرێمی کوردستانیش کەشێکی لەبار و ئارامی بۆ کاری وەبەرھێنەران لە ھەموو سێکتەرەکاندا ھەیە.
بڵند ئیبراھیم




