ئەو پلانە وردەی وەزارەتی ناوخۆ ڕووداوەكانی كەمكردۆتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، تەواوی ئەو شەقامە نوێیانەی لە دەرەوەی شارەكان دروست دەكرێن، هێڵكاریی هاتوچۆیان بۆ دەكرێت، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەڵێت، ڕێكخستنەوەی شەقامەكان كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە تەواوی ناوچەكان هەبووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هەر شەقامێك ماوەیەكی زۆر بەسەر قیرتاوكردنیدا تێپەڕ بووبێت، هێڵكاریی بۆ ناكرێت.
ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هەر شەقامێك لە دەرەوەی شارەكان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە یان شارەوانییەوە قیرتاو بكرێت تیمەكانمان هێڵكاریی بۆ دەكەن، گوتیشی، لە ساڵی 2025وە هەوڵمان داوە زیاتر ڕێگەوبانەكانی دەرەوە هێڵكارییان بۆ بكرێت، بەتایبەت ئەو شەقامانەی هێڵكاری و ئینارەیان نییە یاخود كەمە.
ناوبراو زیاتر گوتی، هەر شەقامێك ماوەیەكی زۆر بەسەر قیرتاوكردنیدا تێپەڕ بووبێت هێڵكاریی بۆ ناكرێت، چونكە چینی سەرەوە پاش چەند ساڵێك لە قیرتاوكردن نامێنێت، ئەوەش وادەكات بۆیاخەكە لەگەڵ قیرەكە بەباشی یەك نەگرێت، لەو حاڵەتدا هێكاریی سوودی نییە.
ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا دەشڵێ، پلانی وەزارەتی ناوخۆ تەنیا ئەنجامدانی هێڵكاریی نییە بۆ شەقام و ڕێگەوبانەكان، بەڵكوو دانانی هێمای هاتوچۆ و كامێرایی تیژڕەویشە.
لەبارەی كەمبوونەوەی قوربانیانی ڕووداوەكانی هاتوچۆش، ناوبراو گوتی، بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستماندایە ڕووداوەكانی هاتوچۆ كەمیان كردووە، ئەوەش دوای ئەو پلانە وردە دێت كە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێكخستنەوەی شەقامەكان و پاراستنی گیانی شۆفێران و سەرنشینان گرتوویەتەبەر.
دیلان عەبدوڵڵا باسی لەوەش كرد، ماوەی دوو ساڵە بە چڕی كاری هێڵكاریی بۆ ڕێگاوبانەكان ئەنجام دەدەن، ئەوەش كاریگەریی هەبووە لەسەر ڕێكخستنەوەی شەقامەكان و كەمبوونەوەی جەنجاڵی. وەكو ئەو دەڵێت، هێڵكاریی وادەكات شوفێر پابەندی یاساكانی هاتوچۆ بێت و بەنێو هێڵەكاندا بڕوات، بەدڵنیاییەوە ئەوەش كاریگەریی دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ.
بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت، لە ساڵی 2022ـەوە هێڵكاریی شەقامەكان لە كۆمپانیا وەرگیراوەتەوە و دراوەتە بەشەكانی ئەندازەی هاتوچۆ، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەكە، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان هەشت تیمی تایبەت بە هێڵكاریی لە بەشەكانی ئەندازەی هاتوچۆ هەن لەگەڵ 100 كارمەندی گرێبەست، كە ئەركیان بۆیاخكردن و ئەنجامدانی هێڵكارییە بۆ شەقام و ڕێگەوبانەكان.
عەلی بانیشاری




