٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە KDPیەوە ئەو گۆڕانکاریانە بزانە كە ئەمساڵ لە پرۆگرامی خوێندندا دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ گۆڕانکاری لە کۆمەڵێک پەرتووکی خوێندندا دەکرێت و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تاوەکو ئێستا ٦٠%ی پرۆگرامی خوێندن گۆڕاوە.

مامۆستا حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ئەو گۆڕانكاریانە دەكات كە ئەمساڵ لە کۆمەڵێک پەرتووکی خوێندندا دەکرێت و دەڵێت، "بۆ ئەمساڵی خوێندن گۆڕانکاریی زۆر لە پرۆگرامەکانی خوێندندا کراوە و ئەمساڵ زۆرترین پەرتووک گۆڕانکارییان تێدا کراوە و پەرتووکی زۆرمان گۆڕیوە، کە ئەگەر لەگەڵ زمانەکان و شێوەزاری سۆرانی و بادینی حیساب بکرێت ٥٠٠ پەرتووک تێپەڕ دەکات.

مامۆستا حەسەن ئاماژەشی دا، ئەوەی کراوە، بیرکاریی یەک و دوو و سێی بنەڕەتی و پۆلی ١٠ی وێژەی و زانستی و زانستەکان لە یەک تاوەکو پۆلی حەوت و دوو پەرتووکی دەروونناسیمان دروست کردووە بۆ پۆلی ھەشت و ١٠ و شەش، رێبەری مامۆستا ھەشت دانە، رێبەرێکی وەرزشی بۆ بازنەی یەک و وەرزشی حەوت و ھەشت و نۆ ئەوەش دروست کراوە و جوگرافیا و مێژوو و ئابووریی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تەواو بووە و ئابووریی پۆلەکانی دیکەش ھەمووی تەواو بووە و کوردی پۆلی یەک و دوو و سێ بۆتە ئەلیکترۆنی و حەوت و پێنجیش ئەوانیش تەواو بوونە.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتیشی، پاکێجێکی باخچەمان ھەیە نزیکەی ١٠ پەرتووک و ٤٠ چیرۆک و شەش رێبەر بۆ پاکێجەکان ئەمساڵ دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمانە ھەمووی بەئەلیکترۆنی کراون لە رێگەی خۆمان و باڕکۆدیان لەسەرە.

لەبارەی تێچووی ئەو پەرتووکانەی گۆڕدراون، دەڵێت، یەک دینار لەسەر حکوومەت نەکەوتووە و بە بڕیار و فەرمانی سەرۆکی حکوومەت گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندن بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی دەکرێت و دەستمان پێکردووە و تا ئێستاش ٦٠%ی تەواو بووە و ٤٠%ی ماوە ئەویش تاوەکو ساڵی ٢٠٢٧ ھەمووی دەگۆڕدرێت، کە ھەمووی کەسانی پسپۆڕ و شارەزایانی خۆمان بەو کارە ھەڵساون و ئێستا سەرقاڵی بەرنامەی ئەلیکترۆنین و فیلمکارتۆنێک دروست دەکەین بۆ بازنەی یەک، کە ١٠٠ زنجیرە لەخۆ دەگرێت و تەنیا ماوە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک بکەین و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەست بە تۆمارکردنی بکرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار