٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەدواداچوون بۆ ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگا حزبی و حکوومی و ئەهلییەکان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا چەند بڕیارێکی نوێی بۆ رێکخستنەوەی شار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەرکرد. بەگوێرەی بڕیارەکان، بەدواداچوون بۆ ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکان دەکرێت و نابێت ئاڵای کۆن و دڕاو بمێنێتەوە، هەروەها رێوشوێنی نوێ بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی هاتووچۆ و زیادکردنی سەوزایی دەگیرێتەبەر.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە ئەمڕۆ شەممە، 23ـی ئابی 2025 بڵاوکراوەتەوە، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکانی سنووری شارەوانییەکە کۆبووەتەوە و تێیدا جەخت لەسەر کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە و جوانترکردنی شار کراوەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمی نوێی کارکردن بۆ ڕێکخستنەوەی شاری هەولێر کراوە و چەند بڕیار و راسپاردەیەک دەرکراون، لەوانە:

1. بایەخدان بە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و کارەکانی قیرتاوکردن و چاککردنەوەی شەقامەکان.

2. رێکخستنەوە و چاککردنەوەی شەقامەکان و لابردنی تاسە، هەروەها بەدواداچوون بۆ فلکەکانی سووڕانەوە (یوتێرن) لەپێناو کەمکردنەوەی ئاستەنگیی هاتووچۆ.

3. بەدواداچوون بۆ بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی.

4. پاراستنی پاکوخاوێنیی شار و بەردەوامیی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لەلایەن تیمەکانی ژینگەپارێزییەوە.

5. بەدواداچوون بۆ ئاڵای کوردستان لەسەر گشت دامودەزگا حزبی و حکوومی و ئەهلییەکان دەکرێت و نابێت ئاڵای کۆن و دڕاو هەڵبواسرێت، بەڵکو دەبێت بەردەوام نوێ بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار دەکرێتەوە.

6. فراوانکردنی هەڵمەتەکانی دارچاندن و زیادکردنی رێژەی سەوزایی.

7. چاودێریکردنی گەڕەک و شوێنە گشتییەکان بۆ رێگریکردن لە هەر کەسێک کە سەرپێچیی بەفیڕۆدانی ئاو بکات.

8. زیادکردنی تیمێکی دیکە بۆ کۆنترۆڵکردنی سەگە بێلانەکان لە پارک، شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر.

9. بایەخدان بە ڕێگە سەرەکی و دەروازەکانی هاتنەناوەوەی شار لەڕووی ژینگە و پاکوخاوێنییەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ فەرمانبەران کرایەوە بۆ پێشخستنی ئاستی کارکردن.

هەواڵی پەیوەندیدار