سێ هەزار هاووڵاتی له ماوهی سێ کاتژمێردا بۆ بینینی گۆڕانکارییەکانی هاتنە سەر قەڵات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر بهوهكالهت ڕایگەیاند، لەماوەی سێ کاتژمێردا، سێ هەزار هاووڵاتی بۆ بینینی گۆڕانکارییەکانی ناوی، هاتنە سەر قەڵای مێژوویی هەولێر، ئەوەش واتای ئەوەیە، خواستێکی زۆری هاووڵاتییان هەیە دەرگای قەڵا بە هەمیشەیی بکرێتەوە.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر گوتیشی، "لەگەڵ هاتنی گەشتیاران و هاووڵاتییان، ڕاپرسییەکیان کردووە، بەپێی ڕاپرسییەکە، زۆرینە پێیان باشە شەوانە دەرگای قەڵات بکرێتەوە، هاوکات نوێژی هەینی لە مزگەوتەکەدا بکرێت.
لەبارەی پێویستییەکانی سەر قەڵاتیش بەر لە کردنەوەی دەرگاکەی، فەلاح حەسەن گوتی، "بەپێی ئەو ئەزموونەی کردیان لە کردنەوەی دەرگای قەڵات بەڕووی خەڵکی، پێویستە پاک و خاوێنی نێو قەڵات پارێزگاری زایاتری لێبکرێت بە دانانی زبڵدانی زیاتر، لەگەڵ دانانی تابلۆی ئاگاداری و تێبینی بۆ گەشتیاران و سەردانیکارانی دێنە سەر قهڵاتی هەولێر، بەهەموو ئەو زمانانەی کە پێویستن هەبن، سەرباری ئەوەش، لەبەر ئەوەی ژمارەی سەردانیکاران زۆر بەرز دەبێت، بۆیە پێویست دەکات چاودێری زیاتر دابندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووناکیی لە تەواوی شەقام و کۆڵانەکانی نێو قەڵات زیاد بکرێت.




