بەڕێوهبەری شوێنەوار: ١٦٠ کەیس دراونەتە دادگا.. خەڵک واتێگەیشتووە شوێنەوار تەنیا زێڕە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوهبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان دهڵێت، ماوەی دووساڵە لە ھەرێمی کوردستان لەسەر دزین لە شوێنە شوێنەواریەکان نزیکەی ١٦٠ کەیس دراونەتە دادگا، کە لەوانە ٤٠ کەیس یەکلایی کراونەتەوە و سزاکەشیان زۆر قورسە، کە زیندانیکردن و سزای ماددیشی ھەیە.
محەمەد لەشکری، بەڕێوهبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لەساڵی ڕابردوو نزیکەی ٩٥ کەیسی دادگا ھەبوو ٤٠ لەوانە یەکلایی کراوەتەوە و ئەوانەی دیکە لە دادگا ماونەتەوە ئەوەی دەستکاری شوێنی شوێنەواری و دزی بکات دەستگیردەکرێن و دەدرێتە دادگا.
بەڕێوهبەری کاروباری شوێنەوار گوتیشی، "دەستکاریکردنی سەر شوێنەوارەکان و شوێنێک كه دەکرێتە خانوو یاخود شوێنێکی دیکە بەکاری بێنن کە شوێنەوارە ئەوە دەکرێت ڕایگرین ئەوەی دزین ئێمە ناتوانین کۆنترۆڵی بکەین کە نزیکەی ٦ ھەزار و ٥٠٠ پێگەی شوێنەواریمان ھەیە و ناتوانی لە ھەموو شوێنێک چاودێر دانێین ئەوە ئەستەمە و خەڵک واتێگەیشتووە شوێنەوار تەنیا زێرە کە شتی وانیە لە تەواوی شوێنەوارەكان ئەوەی کاری لەسەر دەکەین خوێندنەوەی شوێنەکانی شوێنەوارییە بەپێی شێوازی دروستکردن و مێژووەکەی کاری لەسەر دەکەین.
محەمەد لەشکری دهشڵێ، "ئەمساڵیش ئێمە لەکاتی ڕوپێوی شوێنەواری ڕێبازێکی کارکردن ھەیە ئەویش خاڵی تاقیکاری و لەھەر ناوچەیەک ڕوپێو دەکرێت ھەڵکۆڵینی وردی لێ دەکرێت بۆ تەمەنی ئەو شوێنە، ئەوەمان ڕاگرت بەھۆی ئەوەی خەڵک پێی وابوو تیمەکان دەچنە ئەو شوێنانە بۆ زێڕ دەچن ئەوەش ھەڵەبوو و زێڕ لەوشوێنانە نیە و ئەوەشمان ڕاگرتووە و ئەوەی ھەیە ئەمساڵ نزیکەی ٦٥ کەیسی دادگامان ھەیە ئەوەی گومانی لێ دەکرێت تووشی دزین بووە لەو ناوچانە، ھەواڵیان پێداوین دوای لێکۆڵینەوە ئەوانهی تاوانباربن دەدرێنە دادگا و سزا دەدرێن کە سزاکەش سێ ساڵ بۆ پازدە ساڵ و سزای ماددیش ھەیە.

بڵند ئیبراھیم




