به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسی: پارتی ئاماده‌كاریی ته‌واوی بۆ هه‌ڵبژاردن كردووه

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ژووری عه‌مه‌لیاتی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، وه‌كو ده‌زانین له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نزیك بووینه‌ته‌وه، ده‌شڵێت، پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه.
كاوه گه‌ردی به‌رپرسی ژووری عه‌مه‌لیاتی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "وه‌كو ده‌زانین له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نزیك بووینه‌ته‌وه و تاكو ئێستاش چه‌ندین كه‌س له حزب و لایه‌نه سه‌ره‌كیه‌كان له عێراق به چه‌ندین هۆكار له كاندیدبوون دوورخراونه‌ته‌وه، له چوارچێوه‌ی یاساشدا له ماوه‌ی 10 ڕۆژدا وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه، ئه‌م كاره‌ش بۆ پاراستنی سه‌رچاوه‌ی یاسایی و دڵنیاكردنه‌وه‌یه له پاكی كاندیده‌كان.
هه‌روه‌ها له باره‌ی حزبه كوردیه‌كان و به تایبه‌ت پارتی كاوه گه‌ردی ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، "مه‌رجه‌كانی كاندید بوون بۆ هه‌ڵبژاردن له عێراق زیاتر و تووندتر كراون، بۆ دڵنیا بوون له سه‌رچاوه و پاكی كاندیده‌كان، تا ئێستا ته‌نیا شه‌ش كاندیدی پارتی له ناوچه‌ی مووسڵ و كه‌ركووك له لیستی كاندیدی دوورخراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش كێشه‌ی ئاسایین وه‌كو دڵنیاكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی خوێند یان پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بڕوانامه یان سه‌رنجێكی یاسایی كه‌م، بۆیه مافی تانه لێدانیان له بڕیاره‌كه‌ی كۆمیسیۆن هه‌یه، ئه‌و ئه‌و دادگایه كه له ناو ده‌سته‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عێراق كارده‌كات، ده‌بێت دووباره به بڕیاره‌كانی خۆیدا بچێته‌وه و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاندیده‌كان بكات.
له‌باره‌ی خۆ ئاماده‌كردنی كاندیده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، كاوه گه‌ردی گوتی، "پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌كو یه‌كه‌م حزبی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه پێشه‌نگه و ئاماده‌كاری ته‌واوی بۆ به‌شداری كردن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردووه.
ڕۆژنامه‌ی خه‌بات




