پێشەوا هەورامانی: حکوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەڵەبجە و پارێزگاره

هەڵەبجە-KDP.info- پێشەوا هەورامانی وەک نوێنەری سەرۆک وەزیران، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و سەرەخۆشیی و هاوخەمی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە خانەودەی هەردوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرەکەی پاریزگاکە گەیاند.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی سەرۆک وەزیران، مەسروور بارزانی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و دەربارەی ڕووداوی ئاگری پارێزگاکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئەمڕۆ هاتووینەتە پارێزگای هەڵەبجە، پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشیی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی بە خانەوادەی هەر دوو شەهیدەکەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هەڵەبجە بگەیەنم.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیران، لە سەرەتای ڕووداوەکەوەکەی هەڵەبجە لە خەت بوو، بە پەرۆش بوو. هەروەها وەزیری ناوخۆ لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە لەسەر خەت بوو بۆ ئەوەی کە هەموو پێداویستییەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی هەڵەبجە دابین بکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو کەسەی کە خۆبەخش بوو و بەهۆی ئەم ڕووداوەوە شەهید بوو، وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ نەخۆشخانەکە قسەی کردووە، بۆ ئەوەی مافێکی بۆ دابین بکرێت و لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆی جێبەجێ دەکرێت.
ڕاشیگەیاند، ئێمە هەموو خەڵکی هەڵەبجەمان بینی کە پێکەوە بە ئافرەت و پیاو و مناڵ و پیر، جگە لە دام و دەزگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمووی لە خەت بوون بە یەک دەنگ و یەک دەست بۆ ئەوەی کە هاوکار بن، ئینجا چ لە دابینکردنی دەبەیەک ئاو بێت بۆ تیمەکان، یاخود ئەوانەی کە چووبوونە ناو ئاگرەکە و هەوڵیاندا بۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە نەکات.
گوتەبێژی حکوومەت دەشڵێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی هەڵەبجەیە و پاڵپشتی پارێزگار و هەروەها ئەو خۆبەخشانەیە کە هاوکار بوون، تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرگریی و فریاکەوتن و ئەوانەی کە خۆیان خستە نارەحەتی و سەختییەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە زیاتر تەشەنە نەکات و کۆنترۆڵ بکرێت.




