٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی تەندروستی: بەچڕی چاودێریی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەچڕی چاودێریی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن، لە ھەر شوێنێک پێشێلی مافی نەخۆش بکرێت، نەخۆش دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانە دەکرێت سەرپێچی دەکەن."

سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن تیمەکانی خۆی چاودێرییەکی ورد و چڕی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکات و بەردەوام سەردانی نەخۆشخانەکان دەکرێت و ڕێگە نادرێت مافی نەخۆش پێشێل بکرێت، لە ھەر نەخۆشخانەیەکیش مافی نەخۆش پێشێل بکرێت، نەخۆش دەتوانێت داواکاری بۆ وەزارەت بەرز بکاتەوە و سکاڵا تۆمار بکات. ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین، ڕێگە نادرێت مافی نەخۆش پێشێل بکرێت، بۆیە ھەر نەخۆشخانەیەک مافی نەخۆش پێشێل بکات ڕێکاری بەرامبەر دەگرینە بەر و لێپێچینەوە و سزاشی بەدواوە دەبێت." 

سەرکار سورچی گوتیشی "لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەشی پلاندانان بەدواداچوونی ورد بۆ ھەموو نەخۆشخانەکان دەکات و چاودێری نەخۆشخانەکان دەکات، بۆ ئەوەی مافی نەخۆش پارێزراو بێت و ڕێگە نەدرێت مافیان پێشێل بکرێت.

 وەزارەتی تەندروستی گرنگی زۆر بە مافی نەخۆش لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەدات، لەھەر شوێنێک مافیان پێشێل بکرێت بۆیان وەردەگرینەوە، بۆیە ھەم ھاووڵاتی دەتوانێت سکاڵا بکات، ھەم تیمەکانی ئێمە چاودێری مەیدانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن و ڕێگە نادەن مافی نەخۆش پێشێل بکرێت." 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار