لاوان بۆ KDP: پارتی لاوی نیشتمانپەروەر و كادری شارەزا پێ دەگەیەنێت

هەڵەبجە-KDP.info- لاوان و قوتابییان، لە ساڵیادی ۱٦ی ئاب، (۷۹)مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان (سەرۆک بارزانی) دەڵێن، پارتی، لاوی نیشتمانپەروەر و كادری شارەزا بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت پێ دەگەیەنێت و گەنجان و لاوانیش دەتوانن لەم ڕێبازەدا سەركەوتنی مەزن تۆمار بكەن.
پەیوەست بە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی، شادان ئەحمەد، كچە چالاكوانی كۆمەڵگهی مەدەنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "پارتی لە مێژووی دروستبوونییەوە بەردەوام گرینگی بە پێگەی گەنجان و لاوان داوە و لە ئۆرگانەكانی حزبدا پلەی باڵای بەرپرسیارێتییان پێ دراون، پاشانیش لە حكوومڕانیدا، پارتی دەستپێشخەر بووە لەوەی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە دامەزراوەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە حكوومەت و پەرلەماندا.
كاروان سەید كەریم، چالاكوانیی كۆمەڵگەی مەدەنی، باسی لەوە کرد، کە پارتی لە حوكمڕانی وڵاتدا گرینگی بە پێگەی لاوان داوە و لە ڕێگهی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگهی مەدەنییەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، پارتی، لە کەرتی تایبەت و گشتیدا مەبەستییەتی لاوان لە هەر دوو ڕەگەز بتوانن لەسەر پێی خۆیان ڕابووەستن و خولیا و ئاواتەكانیان بەدی بهێنن، هەروەها بڕوای بە توانای لاوان هەیە و له هەموو سێكتەرەكانی ژیان ڕۆڵی گرنگی پێ داون.
کاروان نموونەی بەوە هێنایەوە، کە پارتی، لاوی نیشتمانپەروەر و كادری شارەزا بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت پێ دەگەیەنێت، بە تایبەت لە ڕێگهی یەكێتیی قوتابییان و لاوانەوە.
هەر تایبەت بە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی، شاد سەید حەیدەر، لاوێکی دیکەیە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، گوتی، "لەگەڵ خەباتی سیاسی و نەتەوەیی پارتی، ئەم حزبە توانی لە ساڵی 1953 ڕێكخراوی قوتابییان و لاوان دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگهیەوە لاوەكانی وڵات هۆشیار بكاتەوە و تاكی نەتەوەیی بۆ خاك و نیشتمان پەروەردە بكات.
ئەو چالاكەی بوواری لاوان و قوتابییان، جەختی لەوە کردەوە، کە وەك چۆن لە ڕابردوودا لاوان و قوتابییان توانییان لەژێر چەتری ڕێبازی پارتی و بارزانیدا بە دەستكەوتەكانیان بگەن، لە داهاتووشدا دەتوانن لە بەردەوامی ئەو ڕێبازەدا سەركەوتنی گەورەتریش تۆمار بكەن.
بێلان ڕۆژبەیانیش كە ئەویش چالاكوانێکى کۆمەڵگهى مەدەنییە، دەڵێ، "چاوێک بە خزمەتی پارتیدا بخشێنین، دەبینین چ خزمەتێکی بە لاوان و ئافرەتان کردووە، پارتی هەمیشە لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیەوە خزمەتێکی زۆری پێشکەشی لاوان و گەنجان کردووە و هێشتا خزمەتی زیاتریش لەسەر دەستی پارتی چاوەڕێین.
عەزیز ڕەسووڵ




