٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری حکوومەت کارەبای قوتابخانەکان دەکرێتە وزەی خۆر

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "بە بڕیاری  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرجەم قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان بەقۆناغ کارەبایان  لە وزەی خۆر بۆ دابین دەکرێت."

سامان سوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سیستەمی کارەبا لە وزەی خۆر بۆ سەرجەم قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان دادەنرێت، ئەمەش بەقۆناغ دەبێت، چونک بودجەیەکی زۆری پێویستە، تا ئێستاش لە تەواوی هەرێمی کوردستان ٨١ قوتابخانە کارەبایان لە وزەی خۆر بۆ دابین کراوە، ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ھەموو قوتابخانەکان کارەبای خاوێنی تایبەت بە خۆیان ھەبێت کە لە وزەی خۆر بەرهەم دێت."
سامان سوەیلی گوتیشی "جگە لەوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر ٥ملیار دینار داوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵێک قوتابخانەی دیکە لە ھەرێمی کوردستان سیستەمی کارەبایان لە وزەی خۆر بۆ دابنرێت، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەکە تەرخان بکرێت و پڕۆژەکە لە ژمارەیەک قوتابخانەی دیکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
دەشڵێ "ئەو قوتابخانانەی کارەبایان کراوەتە وزەی خۆر لە ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە، زاخۆ، دھۆک و گەرمیانن، لە ھەر پەروەردەیەک چەند قوتابخانەیەک سیستەمی کارەبای وزەی خۆری بۆ دانراوە."

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار