٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كادیرانی پارتی بۆ KDP.info: دامه‌زراندنی پارتی ئاراستەی ڕووداوەکانی پێچەوانە کرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info- كادیرانی پارتی به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دەڵێن،  پارتی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی كوردستان دامه‌زراوه‌ و گرنگی و کاریگەریەکانی بە جۆرێک بوو ئاراستەی ڕووداوەکانی پێچەوانە کردەوە.

 لە ساڵیادی ۱٦ی ئاب، (۷۹)مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان (سەرۆک بارزانی)، کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشانازییەوە ئەم یادە بەرز رادەگرن.

ته‌ها ناوه‌ندی كارگێڕی لقی 26ی گوڵان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەتای وەرچەرخانێکی مەزن و وێستگەیەکی گرنگ و مێژوویی بوو لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگانەی بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستان, گرنگی و کاریگەرییەکانی بە جۆرێک بوون، هەڵەکانی مێژووی هەڵگێڕانەوە و ئاراستەی ڕووداوەکانی پێچەوانە کردنەوە، هیوای بۆ کورد گێڕایەوە و چارەسەری پرسی کوردی وەک پرسێکی نەتەوەیی کردە دوا ئامانجی خۆی، بە گەڕانەوەش بۆ مێژووی بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە داگیرکارانی کوردستان و نەیارانی پارتی بەردەوام خەریکی شاردنەوەی ئەو وەرچەخانە مێژووییە بوون، دۆست و دوژمنیش ئەو ڕاستییە باش دەزانن، بەر لە دامەزراندنی ئەو پارتە، شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان زیاتر ناوچەیی بوون و کەمتر لەلایەن حزبێکی سیاسی و خاوەن دیسپلینەوە ڕابەرایەتی کراون، ئەوەش وایکردووە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان هەم هەڵگری ئامانجە نەتەوەییەکان نەبن، هەمیش زوو بشکێندرێن و توانای بەرگری و بەردەوامییان نەبێت. 

پارتی پێچەوانەی حزبە کوردستانییەکانی ئێستای گۆڕەپانی کوردستان، بەوانەشەوە کە لە ڕابردوو هەڵوەشانەوە، لە ھیچ حزبێک جیانەبووەتەوە، بەڵکو زەرورەتێکی مێژوویی دروستی کرد. 

پارتی ئەو هێزە کاریگەرە بووە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ لە عێراق و لەسەر ئاستی ناوچەکەش کاریگەری گەورەی لەسەر کێشەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست کردووە." 

شه‌ونم سواره‌ غه‌فووری، ئه‌ندامی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "پارتی واته‌ بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکان لە عێراق و كوردستان، هەرێمی کوردستان تاکە ناوچەی فیدراڵییە چوارچێوەیەکی دەستووریی و یاسایی هەیە، پارتی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش هێزی ژمارە یەکە، بەبێ پارتی هاوکێشەکان لاسەنگن، بەڵام ئەم چوارچێوە یاسایی و دەستوورییە پێویستە ئەکتیڤ تر بکرێت، ئەوەش بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتییان بە سەروەری یاسا و چەمکی دادپەروەریی." 

شه‌ونم سواره‌ غه‌فووری، كه‌ هاوكات یاسا ناسیشه‌ گوتیشی"بەهێزکردنی یاسا بە بەهێزکردنی دادگاکان دەکرێت کە بەپێی یاسای دەستەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەتایبەت دادگا مەدەنییەکان (دادگای پێداچوونەوە، دادگای تێهەڵچوونەوە، دادگای تاوان، دادگای باری کەسیی، دادگای کەتن، دادگاکانی کار، دادگاکانی لێکۆڵینەوە و  دادگای نەوجەوانان) ئامانج و فەلسەفەی یاسا خۆی ئەوەیە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرجەستە بکات و لەڕێگەی کۆمەڵێک ڕێسا و بەندی یاساییەوە پەیوەندیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە ڕێک بخات. 

بەبێ بوونی یاسا بەختەوەریی ژیانی تاکەکەس نایەتە ئارا، ئەگەر تێبینی بکەین، پارتی دیموکراتی کوردستان هەر خۆی وەک حزبێک بۆ فەرمانڕەوایی (حوکم کردن) درووست بووە، دەبێت لە پێناو ئەو ئامانجانەدا تێبکۆشێت." 

عه‌لی گه‌ودانی، كارگێڕی لقی 8ی پارتی له‌ زاخۆ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "پارتی له‌دایكبووه‌ وه‌ك خه‌ونی گه‌لی كوردستان بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان، له‌و پێناوه‌شدا ئه‌گه‌ر مێژووی 79 ساڵەی ڕابردووی خه‌باتی پارتی بێنینه‌ به‌رچاو ده‌بینین چه‌ندین هه‌وراز و نشێوی تێدایه‌ و قوربانی له‌و پێناوه‌دا به‌خشیوه‌، واته‌ مێژووی پارتی پڕه‌ له‌ قوربانی و سه‌روه‌ری، ئه‌وه‌ش سه‌لماندوویه‌تی پارتی له‌گه‌ڵ میلله‌ت دایه‌. 

نهێنی مانه‌وه‌ی پارتی دوای نزیكه‌ی 80 ساڵ بۆ پێگه‌ی پارتی له‌ناو خه‌ڵك دەگەڕێتەوە، ڕۆژ بۆ ڕۆژیش به‌هێزتر ده‌بێت، هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی پارتی بەدەست هاتوون، شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ی پارتی حزبێك ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ی تۆمار كردبێت و سه‌رۆك بارزانیش ڕابه‌رمان بێت." 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار