٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی شۆڕشێکی شارستانی لە ھەرێم بەرپا کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە ساڵیادی ۱٦ی ئاب، (۷۹)مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان (سەرۆک بارزانی)، لەم راپۆرتەدا بەشێک لەو پرۆژانەی پارتی بۆ ئاوەدانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی داون، دەیخەینەڕوو:

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەموو کابینەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە، بەشدارێکی کارا بووە لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان، لە کارەبا خەونی ٣٠ ساڵەی خەڵکی کوردستانی بەجێھێناوە لەرێگەی پڕۆژەی ڕۆناکی، لە ڕێگاوبان نەک ڕێگا سەرەکییەکان، ڕێگای بۆ ھەزاران گوندیش بردووە، لەکەرتی  دابینکردنی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامداوە، لەوانە، لەڕێگەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرا ھەولێری لە کێشەی چەندین ساڵەی کەمئاوی ڕزگارکرد.

د.ئاگرین عەبدوڵا، کە بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پارتی لە کابینەی نۆ بوونێکی فراوانی ھەیە کە خۆی لە چەندین وەزیر، بریکار، بەرێوبەری گشتی و پۆستی دیکە دەبینێتەوە، بێ گومان سیاسەت و پەیڕەوی پارتی لە کار و کردەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە خزمەتگوزاری ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەتتر لە بواری ڕێگاوبان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ٧١٧ پڕۆژەی ڕێگاوبان لە جۆری گەورە، مامناوەند و بچووک بە سەرمایەی ترلیۆنێک و ٣٢ملیار و ٨٣٤ھەزار دینار ئەنجام دراون، کە ٢ھەزار و ٦٨١کم ڕێگا خراونەتە خزمەت ھاووڵاتییان، بەتایبەت ڕێگای دەرەکی. ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ کراون وەکو تونێل، پردی گەورە و دووسایدی گەورە کە ھەولێری بە شارەکانی دیکە و خاڵە سنوورییەکان بەستووەتەوە، ئێستاش بەدەیان پڕۆژەی ڕێگاوبان لە بواری جێبەجێکردن دان و کاریان تێدا دەکرێت، ئەمەش زادەی ڕوئیای فراوانی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەلایەن سەرکردەکان لە حکوومەت بۆ خزمەتکردن.

 ئێستا چوار پڕۆژەی گەورەی ڕێگاوبان لە جێبەجێکردن دان، ڕێگای ھەولێر _ کۆیە، ڕێگای شەقلاوە _ کۆڕێ _ قەندیل، ڕێگای باعدرێ _ ئیتیت و ڕێگای کەلار بۆ دەربەندیخان و زۆر ڕێگای دیکەش هێشتا کاریان تێدا بەردەوامە." 

 

 بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی یەکجار زۆری بە پڕۆژەی ئاو داوە بۆ ئەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ خەڵک دابین بکرێت، بە ئەنجامدانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرا، پڕۆژەی قوشتەپە، پڕۆژەی چەمچەماڵ، پڕۆژەی ئاوی بارزان، پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، پڕۆژەی ئاوی سلێمانی ڕەزامەندی دراوە، پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەشیش ڕەزامەندی دراوە، ٥٣ پۆندیش دروست کراون، ژمارەیەک بەنداو دروست کراون.

 لەڕێگەی ٥ھەزار و ٨٠٠ بیر و ٩٠ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە لە ئاوی سەرزەوی ئاو بۆ شەش ملیۆن کەس دابین دەکرێت، دەمانەوێت بەکاربردنی ئاوی ژێرزەوی کەمبکرێتەوە و بەڕێژەی ٧٥% ئاوی سەرزەوی بەکار بێت.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە دابینکردنی ئاو داوە، ئامانجیەتی لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی خواردنەوە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی دابین بکات." 

دکتۆر ئیدریس ڕەمەزان کە مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابوورییە لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی مێژووی خۆی، ھەمیشە یەکێک لە دروشمەکانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان بووە و بە بەڵگەشەوە ئەوەی کردووە، زۆر ھەوڵی بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشمانی خۆی داوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێگری و قەیرانی زۆر ھەبووە، بەڵام بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، بەڵام تموحی زیاتری ھەیە و پێی وایە پێویستە خزمەتی زیاتری خەڵک بکرێت، دەبینین بەراورد بەڕابردوو پارتی ھەنگاوی گەورەی ناوە لە خزمەتکردنی ھەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ھەڵسەنگاندنێکی بۆ بکەین دەستی ئاوەدانی بەبێ جیاوازی گەیشتۆتە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش زۆرجار لە ناوخۆ و عێراقیش رێگری دەکرێت تا پارتی لە خزمەتکردنی بوەستێت، بەڵام ھەر بەردەوام بووە.  پارتی خزمەتی ھەموو ئاین و نەتەوە و پێکھاتەکانی بەبێ جیاوازی کردووە، ھەرچیی سەختی ھاتبێتە پێشیش بە ھەوڵ و ماندووبووی سەرکردایەتی حەکیمانەی پارتی تێپەڕێندراوە، بۆیە ئێستا لە سێکتەری وزە، کارەبا، ڕێگاوبان، کشتوکاڵ، تەندروستی و دابین کردنی ئاوی خاوێن لەڕێگەی پڕۆژەی ستراتیژی خزمەتی زۆری کردووە، ئەمەش وای کردووە پارتی گەورەرتین حزبی کوردستان و عێراق بێت و ھەر بە یەکەمیش بمینێتەوە." 

محەمەد ئەمین ھەورامی، شارەزای بواری وزە لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "خزمەتگوزاری بەگشتی وەکو ئاو، تەندروستی، ئەوانەی دیکەش بەبێ کارەبا ناکرێن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە کەرتی کارەبا بەرەوپێش ببات، لەم کابینەیە توانرا پڕۆژەی ڕۆناکی ئەنجام بدرێت کە چارەسەری بنەڕەتییە بۆ کێشەی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان، ئێستا لە عێراقیش گەورەترین کێشەی کارەبا هەیە، ئەوانیش بەنیازن ئەو ڕێگایە بگرنە بەر.  پارتی تەنیا بە دروشم کار ناکات، بەکردار کار دەکات، ئێستا پڕۆژەکە دەستی پێکردووە و لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن بۆ ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن کارەبای بەردەوام، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێگری زۆر ھەبووە،  ئەمەش وای کردووە پارتی دیموکراتی کوردستان حزبی یەکەمی بێ ڕکابەر بێت، چونکە ھەمیشە لە بەرگریکردن لە مافی گەلی کورد یەکەم بووە، ئێستا قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتنە کە پێشتر نەکراوە، ئێستا دەستی پێکردووە، بۆیە پڕۆژەی ڕۆناکی زیندووە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی لێی سوودمەندە." 

وەک شارەزایان دووپاتی دەکەنەوە پارتی شۆڕشێکی شارستانی بەرپاکرد.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار