محەممەدی حاجی مەحموود بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی پارتی پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکات

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی ٧٩ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و گشت ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەکات.
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و گشت ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کردووە و ھیوای خواستووە یادی دامەزراندنی پارتی ببێتە ھۆی زیاتر گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی ڕیزەکانی پارتی.
لە پەیامەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی بە درێژایی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە لە ناو بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاندا کراوە و جەختیش کراوەتەوە "پارتی لەو پێناوەدا دەریایەک خوێن و ڕووبارێک فرمێسکی بەخشیووە و ئازادی و سەروەرییەکان بەرھەمی ئەو قوربانیدانەن".
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کردووە، " ئەمساڵیش لەکاتێکدا ئەم یادە شکۆدارە دەکەینەوە، کە ئامانجە باڵاکانی شۆڕشی میللـەتەکەمان بەدی نەھاتووە، گەلەکەمان ڕووبەڕووی فشار و بە شێوازی نوێ دووچاری قڕکردن و داگیرکردنی خاکەکەی و شەڕفرۆشتنی ناحەزان دەبێتەوە".
محەممەدی حاجی مەحموود جەختی لە گرنگیی یەکخستنی ھەموو لایەنەکان کردووە لە پێناو بەھێزیی ماڵی کوردستان، بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کە زامنی پاراستنی دەسکەوتەکان و بەرگرتنە لە شاڵاوی ناحەزان و ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم ھەنگاوە پێویستی بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانییە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا تەئکید لە پەیوەندییەکانی نێوان حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کراوەتەوە لە پێناو خزمەتکردن بە خاک و گەلی کوردستان.




