٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئافرەتانی کوردستان بۆ KDP: پارتی چەترێكە بۆ ھەمووان

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- ئافرەتانی کوردستان لە ساڵیادی ۱٦ی ئاب، (۷۹)مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان (سەرۆک بارزانی) دەڵێن، پارتی و سەرۆک بارزانی، متمانەی گەورەیان بە ئافرەتان بەخشیووە لە دەسەڵاتی گەورەی حزبی و حکوومی و سیاسی، بۆیە ئافرەتان لە سایەی پارتی گەشەیان کردووە ئێستا لە ناوەندی بڕیاری کوردستان بوونیان ھەیە.

ژیان جەلال، چالاکوانی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پارتی وەک پارتێکی سیاسیی و چەکداری، ھەر لە سەرەتاکانی دامەزراندیییەوە، دیدگایەکی ئەرێنی ھەبووە بەرانبەر بە ئافرەتان، باوەڕی تەواوی بە مافی ئافرەت و توانا و ڕۆڵیان ھەبووە، ھەرچەندە لەو قۆناغەدا ئافرەتان لە دۆخێکی چەقبەستوویی کولتوورییدا دەژیان، کە بەربەست و ئاستەنگەکان لەبەردەمیاندا زۆربوون، بەڵام بارزانی نەمر، ھەرزوو درکی بەوەکرد کە دۆخی ئافرەتان پێویستی بە چاکسازییە، بۆیە ھەندێک ھەنگاو نران کە لەوکاتەدا وەک وەچەرخانێکی کۆمەڵایەتی بوو، زەمینەیان بۆ ڕەخسا کە بەشداری خەباتی سیاسیی بکەن و بە مافەکانیشیان ئاشنابن.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئافرەتان متمانەیان لا دروستبوو کە پارتی چەترێكە بۆ ھەمووان و دەتوانن لە سایەیدا کەنار بگرن و لێرەوە خەباتی خۆیان بخەنەگەڕ، بۆیە نموونەی ئایکۆنی خۆبەختکردن و نیشتمانپەروەری وەک شەھید لەیلا قاسم باشترین گەواھیدەرە، کە ئافرەتان بەشێکی گرینگ و دانەبڕاوی ئەو خەباتە بوون کە پارتی نەخشەداڕێژەر و ڕێبەری بوو، قۆناغی دوای ڕاپەڕینش قۆناغی ھەبوونی دامەزراوەی شەرعی و یاسایی، لە ڕێی یاسا و کارەکانی حکوومەتەوە ھەنگاوی گرینگ و ئەرێنی نراون کە پارتی پشکی شێری لەم ھەوڵ و پڕۆژانەدا بینیوە، ئافرەتان لە ئێستادا لە بواری حکوومڕانیی و حزبیشدا ڕۆڵی باشیان گێڕاوە و جێدەستیان دیاربووە.

لاڤە ھەڵەبجەیی، بەرپرسی ئەنجوومەنی ھەڵەبجەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی گوتی، "بەخۆشحاڵییەوە پارتی بە چاوێکی ڕێزەوە سەیری ئافرەتانی کردووە، جەنابی سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە پشتیوانی ئافرەتان لە ھەموو بوارە جیاجیاکانە، لە کۆنگرە و کۆنفڕانسی حزبی بە چاوی یەکسان سەیری پیاو و ئافرەت کراوە، شوێنی باش و شایستە بە ئافرەتان داندراوە.

"ئافرەتان بڕواییان بە پارتی ھەیە داکۆکی دەکات لە پرسەکانی مافەکانی ئافرەتان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئافرەتان ڕۆڵی زیاتر بگێڕن، پارتی ھێزێکی سیاسی ڕاستگۆیە لەگەڵ ئافرەتان، دەبینین ئافرەت لە بڕیاری سیاسی وڵات بوونی ھەیە." لاڤە ھەڵەبجەیی وا دەڵێت.

ھەروەھا کۆدیا ھۆشمەند، کە چالاکی لە پرسی ئافرەتانە، لەسەر ھەمان پرس بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئافرەت لە لای پارتی بایەخی گەورەی پێدراوە، دەبیندرێت لە ناوەندی بڕیاری پارتی ئافرەت بەڕێوەی دەبات و دەسەڵاتی تەواوی بڕیاردانی ھەیە، سەرۆک بارزانی ھەمووکات پاڵپشتی گەورەی ئافرەتان بووە، بۆیە ئافرەتان خۆیان لە ژێر چەتری پارتی و سەرۆک بارزانی دەبیننەوە بۆ درێژەدان بە خەباتی خۆیان.

ئەوەشی گوت، "بوونی ڕێژەیەکی زۆر کادیری ئافرەت لەنێو ئۆرگانە جیاجیاکانی حزبی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پارتی ھاوسەنگی ڕاگرتووە و باوەڕی بە تواناکانی ئافرەتان ھەیە، بۆیە پێویستە لەسەر ئەم ڕوئیایە بەردەوام بێت و دەرفەتەکان زیاتر بکاتەوە.

تاڤان بارزان، کچە چالاکوانی مافەکانی ئافرەتان دەڵێت، "ئێمەی ئافرەتانی کوردستان پارێزەری مافەکانمان لە ژێر چەتری سەرۆک بارزانی دەبینین، پارتی ھەمووکات توانای ئافرەتانی لەبەرچاو گرتووە، بۆ دەسەڵاتی گەورە کاندیدی کردوون سەرکەتووش بوون چونکە پارتی پشتگیری کردوون، هاوکات پارتی ئەو ھێزە سیاسییە کوردستانییە ھەموو چین و توێژەکان دەتوانن تێدا خۆیان ببیننەوە کاری تێدابکەن، ھیچ حزب و لایەنێکی تری کوردستان و تەنانەت لە دەوڵەتانی ناوچەکەش ئافرەت ڕۆڵی پێنەدراوە وەک کوردستان، پارتی دەیەوێت کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت ئافرەتی کوردیش توانا و بەھری باشی بەڕێوەبردنی ھەیە.

لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "قەدەغەکردنی ھەندێک نەریتی پیاوسالارانەی سەردەمانی زوو وەک بەزۆر بەشوودان و گەورە بە بچووک، نەریتێکی باوی ئەو کاتەی کۆمەڵگەی کوردیی بوو، کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر قەدەغەکرا، پاشان دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ئافرەتان وەک ئامرازێک بۆ خەباتی مەدەنی، دیدی پارتی ڕوونتر دەردەخات بەو ویستەی ھەیەتی بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژیانی ئافرەتان.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار