٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشتیوان سادق: پارتی بوون شەرەفێکی گەورەیە.. پێویستە بەرەو بارودۆخی باشتر هەنگاو بنێین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت، پارتی حزبی حوکمڕانە، بۆیە پێشبینی و چاوەڕوانی خەڵک لە پارتی زیاترە ده‌شڵێ، دەبێت هەموو بەرپرسانی پارتی لە هەموو پلە و پۆستی حزبی و حکوومی و سەربازی لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە بن.

لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان د. پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی، باسی لە چەند پرسێکی تایبەت بە مێژوو و بارودۆخی ئیستای هەرێمی کوردستان کرد.

د. پشتیوان سادق گوتی، "پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت زۆر زۆر نزیک بووە، لەگەڵ حیزبەکان بە تایبەت یەکێتی باش چووینەتە پێش. کابینەی نوێ بە جۆرێک پێکدەهێنرێت سوود لە هەموو هەڵەکانی ڕابردوو وەردەگرێت.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر ده‌شڵێ، "پێکهێنانی کابینەی نوێ بەو دیدگا سیاسیە دەبێت کە نووسراوەتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوردستانێکی زۆر بەهێز و یەکگرتوومان هەبێت بتوانین لە ئاست هەڕەشەکانی دەرەوە یەکڕیز و تەبا بین و دەسکەوتی بۆ خەڵکی کوردستان بەدەست بێنێت."

د. پشتیوان سادق، لەم ساڵیاده‌دا ئەمانەشی گوت، "پارتی بوون شەرەفێکی گەورەیە و لەبەر ئەوەی ئەگەر پارتی نەبووایە هەرگیز هەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ئه‌وه‌ بارزانی نەمر و سەرۆک بارزانی و خەباتی شۆڕشگیری و سیاسی و دیپلۆماسی پارتییه‌ ئەمڕۆی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد.

د. پشتیوان سادق گوتیشی، "پارتی حزبی حوکمڕانە، بۆیە پێشبینی و چاوەڕوانی خەڵک لە پارتی زیاترە، دەبێت هەموو بەرپرسانی پارتی لە هەموو پلە و پۆستی حزبی و حکوومی و سەربازی لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە بن.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێر زیاتر گوتی، "دەسکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە و کەس ناتوانێت ئەو ئەزموونە و فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان لەناو ببات، ڕاستە هەڕەشەی زۆرمان لەسەرە، بەڵام پێویستە بەرەو بارودۆخی باشتر هەنگاو بنێین.

هەواڵی پەیوەندیدار