کادیران بۆ KDP: پارتی بە درێژایی ٧٩ ساڵی تەمەنی ههر پێشەنگ بووە

ھەولێر-KDP.info- لە یادی ١٦ی ئابدا، کادیرانی پارتی جەخت لە بەردەوامیی خەباتی پارتی لە پێناو بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان دەکەنەوە و دەشڵێن، پارتی بۆ بەدیھێنانی دادپەروەری و ئازادی و دیموکراتی دامەزراوە و ٧٩ ساڵە لە دروشمی ئاشتی و ئازادی و دیموکراتی بەردەوامە.
لهم یادهدا کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، پارتی لەسەر دەستی ژمارەیەک کەسایەتیی فیداکاری کوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر دامەزراوە، بە درێژایی ٧٩ ساڵی تەمەنی پێشەنگ بووە لە خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بە پشتیوانیی گەلی کوردستان خەباتی کردووە بۆ ئازادیی خەڵکی کوردستان و بەدەستھێنانی مافە رەواکانی.
خەیلانی سەبارەت بە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە یادی دامەزراندنی پارتیدا، بەردەوامبوون لەسەر رێبازی بارزانی و خەباتی پارتی بەرەو سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە، چونکە ڕێگهی خەباتی پارتی کۆتایی نییە و بە یەکگرتوویی گەلی کوردستان بەرەو ئازادی و دیموکراسیی زیاتر ھەنگاو دەنێین و دەست لە مافەکانمان ھەڵناگرین.
بەندی خالید بەرزە، کارگێڕی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی لەنێو تاریکیی زوڵم و ستەمدا لەدایک بووە و لە پێناو ئازادیی گەل و خاکی کوردستان سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوە دەکات.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەندی ئاماژە دەدات، ئەوە ٧٩ ساڵە پارتی دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ بەپێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھێناوە، پارتی بە سوودوەرگرتن لە ئەزموون و خەبات و سیاسەت و لێھاتوویی بارزانیی نەمر، ڕابەری نەتەوەیی و دامەزرێنەری پارتی بەردەوامە لە کاروانی خەبات، پێکەوەژیانی ئایینی، نەتەوەیی و سیاسی یەکێکە لەو شانازیانەی بەر پارتی کەوتوون و پێکەوەژیان ستراتیژ و باوەڕی نەگۆڕی پارتیمانە.
هاوكات خەسرۆ ھەرکی، کارگێڕی لقی ١٦ی پارتی، بە بۆنەی ٧٩ ساڵەی دامەزراندنی پارتییەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پارتی لە ھەلومەرجێکدا دروست بوو، کوردستان و ناوچەکە پێویستی بە ڕەوتێکی دیموکراتی و نەتەوەیی وەک پارتی ھەبوو، لەبەر ئەوەش دامەزراندنی پارتی پێویستییەکی قۆناغەکە بوو بۆ زیندووکردنەوە و بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و ھێنانەدیی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، چونکە بارزانیی نەمر زۆر باش بیری لەوە کردبووەوە کە پێویستە حزبێک ھەبێت سەرکردایەتیی ئەو ڕەوتە بکات و بیگەیەنێتە ھەموو قوژبن و کەلەبەرێکی کوردستان.
هەرکی، لەبارەی تێڕوانینی پارتی بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەڵێت، پارتی لە ماوەی ٧٩ ساڵی تەمەنیدا، ھەمیشە نەتەوەییانە بیری کردووەتەوە و لای پارتی و بارزانی خاک و نەتەوە ھێڵی سوورن و ھەرگیز سازشی لەسەر ناکرێت، ھەر بۆیە ئەو بیکردنەوەیە تا ئێستا بەردەوامە و بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بەردەوامیش دەبێت.
قائید میرۆ




