٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌مڕۆ ئاھەنگێکی بەکۆمەڵ لە ژێر دروشمی پارتی بەردەوامی و ژیانە ساز دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک ده‌ڵێت، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، ئاھەنگێکی بەکۆمەڵ لە ژێر دروشمی پارتی بەردەوامی و ژیانە بۆ زیاتر لە ٤٥٠ کچ و کوڕی بادینان وەکو دیاریی سەرۆک بارزانی ساز دەکرێت.

د. ڤیان سلێمان، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاِگەیاند، پڕۆژەی ئاھەنگی بەکۆمەڵ ساڵانە لە پارێزگای دھۆک ئەنجام دەدرێت وەکو دیارییەکی (سەرۆک بارزانی)یە بۆ لاوانی بادینان لە دھۆک و زاخۆ، ئەو پڕۆژەیەش بەردەوام دەبێت و ھەموو ساڵێک لە ٨/١٦ ئاھەنگی بەکۆمەڵ بۆ ٤٥٠ لاو ئەنجام دەدرێت و سوودی لێ وەردەگرن، ئەو پڕۆژە بەبێ جیاوازی بۆ گەنج و لاوانی بادینانە لە ڕێگەی تیروپشکە و پێشتر بەڵگەنامە و داواکاریی خۆیان پێشکەشی ھەر پێنج لقی سنووری ئێمە دەکەن و ھیچ مەرجێک بۆ ئەو پڕۆژە نییە و بۆ ھەموو گەنجانە و دوورە لە بیروباوەڕی سیاسی و ھەر گەنجێک بێت ئەگەر پارتیش نەبێت ئاساییە داواکاری پێشکەش بکات و ئەوە دیاری (سەرۆک بارزانی)یە بۆ ھەموو گەنجان بەبێ جیاوازی و دوور لە ئینتیمای سیاسی و حیزبی.

ڤیان سلێمان گوتیشی، ئەمساڵیش لە سنووری ھەر پێنج لقی ئێمە لە دھۆک و زاخۆ ٤٥٣ گەنج لەو دیارییە سوودمەند دەبن، ئه‌مڕۆ كە ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی (سەرۆک بارزانی)یه‌ لە سنووری ھەر پێنج لق ئاھەنگی بەکۆمەڵ بەڕێوە دەچێت و دیارییەکەش ھەر کچ و کوڕێک ئاھەنگی ھاوسەرگیری دەکەن ١٠ ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، پێشتریش ٥ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و ئه‌مڕۆش پێنج ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، سەرەڕای ئەوەش تێچووی ئاھەنگیش ھەمووی لەلایەن سەرۆک بارزانی و بە پشتیوانی فەرماندە مەنسوور بارزانی دابین دەکرێت.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی دھۆک دەشڵێت، پارتی وەکو گرینگیدان بە توێژی گەنجان و ئاواکردنی خێزان وەکو ھێمایەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، ئەو پڕۆژەیەی ڕاگەیاندووە و ساڵانە لەو ڕۆژەدا بەڕێوە دەچێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار