٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو یادی مێژوویی لە ڕۆژێکدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد و  لە دایکبوونی (سەرۆک بارزانی) تێپەڕ دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی 1946 دامەزرا به‌ ئامانجی ئازادی و سەرفرازیی گەلی كوردستان دەستی بە خەباتی سیاسی و چەکداریی کرد.

لەدوای شۆڕشی دووەمی بارزان، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە (16ـی ئابی ساڵی 1946) بەسەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی دامەزرا، پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دیموکراتی نیشتیمانیی جەماوەرییە، بڕوای بە مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گەشەپێدانی بەردەوام، فرەیی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و کلتووری، پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ئازادییەکان و یەکسانی، مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان هەیە، بە شێوازە دیموکراسی و مەدەنییەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕو و ڕێبازی مستەفا بارزانی تێدەکۆشێت. 

پارتی دیموکراتی کوردستان 79 ساڵە لەپێناو خەباتی گەلی کوردستان لە باشووری کوردستان تێدەکۆشێت و خەبات بۆ ناساندنی کێشەی کورد لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی دەکات. 

ساڵی 1946، لە بەغدا، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و (مستەفا بارزانی) بە سەرۆک هەڵبژێردرا، شێخ لەتیفی حەفید و کاکە زیادی کۆیە کرانە جێگرانی سەرۆک، ساڵی 1979، پارتی دیموکراتی کوردستان نۆیەم کۆنگرەی خۆی بەست و سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژارد کە لە ساڵی 1980 تاوەکو ساڵی 1991، سەرکردایەتی چەندین داستانی دژ بە ڕژێمی ئەوکاتی عێراقی کردووە، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکی بینی لە پێکهێنانی بەرەی کوردستان، ڕابەرایەتی مەیدانی ڕاپەڕینی گەلی کوردستانی لە ساڵی 1991 کرد.

لەگەڵ یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانیشە، سەرۆک بارزانی لەدایکبووی 16ـی ئابی ساڵی 1946ـە، لە مەهاباد ، ساڵی 1947 لەمەهابادەوە دەگەڕێندرێتەوە باشووری کوردستان،  ساڵی 1961 بەناچاری خوێندن جێدەهێڵێت، ساڵی 1962 دەبێتە پێشمەرگە، لەساڵی 1970 ئەندامی شاندی دانوستانکاری شۆڕش- حکوومەت بووە، ساڵی 1970 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژێردرا، ساڵی 1979 بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا  ساڵانی 1980-1987 ڕۆڵی بنچینەیی لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی گێڕا، ساڵی 1988 فەرماندەی گشتی داستانی خواکوڕکی کردووە ، ساڵی 1991 رابەری مەیدانی راپەڕینی گەلی کوردستان بووە ، 7ـی نیسانی1991 سەرپەرشتی داستانی کۆڕێی کردووە، لە ئاداری 1991 داوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی و دامەزراندنی حکوومەتی کردووە، لە هەڵبژاردنی 1992خۆی بۆ رێبەرایەتی هەڵدەبژێرێت و دەنگی یەکەم بەدەستدەهێنێت،  لە حوزەیرانی1991 خەڵاتی ئاشتی بە گەلی کوردی پێبەخشراوە، لە نیسانی2004 سەرۆکی ئەنجوومەنی حووکمی عێراق بووە،  لە 14ـی حوزەیرانی2005 بە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، لە 25ـی ئەیلوولی2017 ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆی باشووری کوردستان سازدا، لە کۆنگرەی 14ـەمی پارتی بەسەرۆک هەڵبژێردرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار