٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی ئایینی بۆ KDP: پارتی و ڕێبازی بارزانی وڵات بەرەو پێشەوە دەبه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە درێژەی زنجیرە لێدوانەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتییەوە، مامۆستایانی ئایینی هەست و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن، ئەوە ڕەحمەتی خوایە بەسەر میللەتەكەمانەوە كە حزبێك ڕابەرایەتی دەكات، بڕوای بە بەها بەرزە ئەخلاقی و ئایینییەكانە و هەمیشە نیشتمانپەروەری و ئایینداری ئاوێتە كردووە.

له‌م یاده‌دا مامۆستا مەلا سەید غەفوور گوتاربێژی خانەقای بیارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، "مەلا حەبیبی كانی ساران ماموستای بیارە بوو، مەلا مستەفا خوا دەرەجەی عالی بكات ناردی بە دوواماندا، گەیشتینە خزمەتی، پێ گوتین چەند پرسیارێكتان لێ دەكەم، بە كوژراوەكانی به‌عس دەگوترێت شەهید، ئێمەش كە پێشمەرگەمان لە شەڕدا دەكوژرێت پێمان دەڵێن شەهید؟ پێمان گوت: قوربان ئێوە بۆ پارێزگاری لە گەل و پاراستنی ئایین و نیشتییمان قوربانی دەدەن، وەڵڵا پێشمه‌رگه‌ شەهیدن".

ئەوەشی بیر هێنایەوە كە، "یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان، مەلا مستەفای بارزانی دای مەزراندووە، بە مەبەستی یەكگرتوویی و كۆكردنەوەی زانایانی ئیسلامی لە ڕێكخراوێكدا تا ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت".

مامۆستا سەید غەفوور گوتیشی، "ڕوكنێكی سەرەكیی ئایین، پارێزگارییە لە نیشتییمان، فەرزە پارێزگاری لە ماڵی خۆت بكەی، لە پێناو نیشتمانی خۆتدا بكوژێیت شەهیدیت. لەو ڕوانگە ئایینیەوە مەلا مستەفا بارزانی پاراستنی نیشتمان ئامانجی بووە.

ئاوات نەقشبەندی گوتاربێژ و پێشنوێژی خانەقای حاجی شێخ ساحیب لە قەزای شارەزوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "16ـی ئابی ساڵی 1946 په‌یوەست بە گەلی كوردەوە بۆنەیەكی زۆر تایبەتە، بۆشاییەكی گەورە هەبوو لە مەیدانی سیاسیی كوردستاندا، پێویست بوو پارتێك بێتە كایەوە كار بكات بۆ ڕزگاری و ڕەتكردنەوەی داگیركاری، ببێتە چەترێك له‌ ئەمسەری چەپ بۆ ئەو سەری ڕاست كۆبكاتەوە هەموو تاكێكی كوردستان خۆی تێدا ببینێتەوە لەوێوە خەبات بۆ مافی گەلەكەی بكات".

ئەوەشی خستە ڕوو، "كاتێك پارتی دادەمەزرێت، جگە لەوەی كه‌ هێزێكی چەكداری دەبێت، ڕۆشنبیری و هزر و بیری نەتەوەیی تێكەڵ دەكات، پارتی بووە حزبێكی نەتەوەیی، بۆیە تا ئێستا 79 ساڵ تەمەن خەبات بەردەوامە و لەوپەڕی بەهێزیدایە لە ساحەی سیاسی كوردستان و عێراق، پارتی هەوڵ دەدات بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان.

لەبارەی پێكەوەژیانی ئایینی، نەقشبەندی گوتی، "خاڵێكی زۆر گەشی پارتی ئەوەیە، موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و پێڕەوانی ئایینەكانی تر، خۆیان بە نامۆ لە ناو پارتی نابینن و پارتی دانەبڕواوە لە ئایین و هەموویان بە هی خۆی دەزانن و بە یەكسانی داكۆكی لە مافی هەموو لایەك كردووە، بۆیەش كارەكتەرە ئایینییەكان خۆیان لە پارتی بە غەریب نەزانیوە.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و یاده‌ هێمن بیرەسپانی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی بیرەسپان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "پارتی لە  كەسایەتی نەتەوەیی و نیشتییمانی و مامۆستایانی ئایینی و پێڕەوانی نەقشبەندی و لە ئایینە جیاوازەكان و نەتەوە دامەزراوە، پارتی واتە خزمەتكاری گەلی كورد، ئەو كوردستانەی ئێمە هەمانە پارتی پارێزەرییەتی، بۆیە بوونی پارتی و ڕێبازی بارزانی، وڵات بەرەو پێشەوە دەبات، لەگەڵ دامەزراندنی پارتی جەنابی سەرۆك بارزانی لە دایك دەبێت، پارتی و سەرۆك بارزانی تەواوكەری یەكترین بۆ درێژەپێدانی ڕێبازی كوردایەتی، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكات هاوكار بن لە سیاسەتی پارتی و سەرۆك بارزانی بۆ پاراستن و گەشەپێدانی وڵاتەكەمان.

 

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار