٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ KDP: ئێستاش مەترسیی تیرۆر بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info- ئەمڕۆ ١٨ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی دانیشتووی گرعزێر و سیبا شێخدرێ لە شنگال تێدەپەڕێت، کە لە ١٤ی ئابی ساڵی ٢٠٠٧ رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە چوار بارھەڵگری پڕ لە تەقەمەنی لەناو ھاووڵاتیانی ئێزدی تەقاندەوە و  ٣١٢ کەس شەھید کران و زیاتر لە ٨٠٠ کەسیش بریندار بوون، سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگەش دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ نەکرێت، تیرۆر ئێستاش مەترسییە بۆ سەر عێراق بە گشتی و شنگالیش بە تایبەتی. دەشڵێ، پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە.

ئەم هێرشانە کە هاووڵاتییانی ئێزدییان کردە ئامانج، بە یەکێک لە خوێناویترین کردەوەی تیرۆرستی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دادەنرێت كه‌ تەقینەوەکان لە ڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگری پڕ لە ماددەی تەقەمەنی و "تی ئێن تی" ئەنجامدراون کە لەلایەن خۆکوژانەوە لێدەخوڕران. هێرشەکان لە کاتژمێر 08:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆیی ڕوویاندا.

فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، په‌یوه‌ست به‌ مه‌ترسییه‌كانی ئێستای تیرۆر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێ، تیرۆر ھەمیشە مەترسییە بۆ سەر عێراق و ھێشتا مەترسییەکانیان بەردەوامن، لە سنووری قەزای شنگالیش دوای ھاتنی داعش بۆ ئەو ناوچانە چەندین جۆری ھێز هەیە و ئەمنیەت لە شنگال پارێزراو نەبێت و بۆشایی ئەمنی ھەبێت، کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە ئەستەمە و ئەمەش وای کردووە ئاوارەکان نەگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی باوەڕیان بەو دۆخە نییە، ھاتنەپێشی دۆخی سووریاش ھۆکارێکە بۆ ئەوەی داعش بەھێزتر بێت و ھاتوچۆ لە نێوان سووریا و عێراق بکات، ئەمە ھەمووی ھۆکارە تیرۆریستان جارێکی دیکە دەست بە کردەوە بکەن و ئێستا ڕۆژانە لە سووریا کردەوە ئەنجام دەدەن و ھەماھەنگیش لە نێوان ھێزەکاندا نییە و چەندین جۆری ھێزیش لە شنگال ھەن، کە ئەمە ڕێگه‌ بۆ تیرۆریستان خۆش دەکات تا خۆیان ڕێکبخەنەوە و کردەوە ئەنجام بدەن، بۆیە ئێستاش مەترسیی تیرۆر بەردەوامە.

ئێمینکی ده‌شڵێ، "پێویستە ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ھەماھەنگییەکی باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت و یەک ھێز لە ناوچەکەدا ھەبێت نەک ھێزی جۆراوجۆر، چونکە ئەو ھەموو ھێزە لە ژێر کۆنترۆڵی عێراقدا نین، بۆیە تیرۆر لە زۆر ناوچە مەترسیی گەورەی ھەیە، لەوانەش شنگال، بێگومان لە ھەر ناوچەیەکیش کۆنتڕۆڵی باری ئەمنی لە ژێر دەسەڵاتی یەک ھێز نەبێت، مەترسییەکانی داعش بەردەوام دەبن.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار