عەبدولڕەحمان سدیق بۆ KDP: حکوومەت ھەنگاوی گەورەی لە بواری ژینگە ناوە

ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەپێناو ژینگەیەکی پاک لە ھەرێمی کوردستان چەندین ھەنگاوی گرنگی ناوە، لەوانە کوژاندنەوەی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدە و داخستنی پاڵاوگەی نایاسایی و ھاندانی خەڵک بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ژینگە دروست کردووە.
ئەندازیاری عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ڕووناکی ھەنگاوێکی گەورەیە لە بواری کەمکردنەوەی زیانەکان و پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، چونکە بەھۆی پڕۆژەی ڕووناکییەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆری مۆلیدەکان کوژاونەتەوە، ئەمەش لە زۆر ڕووەوە سوودی ھەیە، وەکو کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان بەھۆی نەھێشتنی دەرھاویشتە گازییەکان، تەنۆلکەکان، کەمکردنەوەی ژاوەژاو، نەھێشتنی دیمەنی چڕەدوکەڵی ڕەش، کەمکردنەوەی زیانە تەندروستییەکانی وەک سەرئێشە، تەنگەنەفەسی و گرژبوونی ماسوولکەکان، کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان بەھۆی تەرخانکردنی بڕی سووتەمەنیی مۆلیدەکان بۆ بواری دیکەی پێویست.
عەبدولڕەحمان سدیق گوتیشی، سەبارەت بە پاڵاوگەکان وەک لە زۆر کات باسمان کردووە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر پاڵاوگەیەک پابەندی ڕێنماییە ژینگەییەکان نەبێت، دادەخرێت و خاوەنەکەیشی دەستگیر دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە زۆر لایەنی ڕاسپارد بۆ ئەوەی بەم کارە ھەستن، وەک وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، بەرێوەبەرایەتیی پۆلیس و لیژنەکانی قایمقامییەت و پارێزگای ھەولێر و فەرمانگەی ژینگەی ھەولێر، بۆ ئەوەی دەست بە ھەڵمەتێک بکەن بۆ مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاری پاڵاوگەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر و دھۆک، ئەم ھەڵمەتانەش بەردەوام دەبن بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان ھەتا ئەو کاتەی پابەند دەبن بە گرتنەبەری ڕێکارەکان لە کاری داھاتوویاندا، چونکە پاڵاوگە نایاساییەکان دەبنە ھۆی پیسبوونی ھەوا و خاک و ئاوی ژێر زەوی، بۆیە چەندین جار خاوەنی پاڵاوگەکان ئاگادار کراونەتەوە پابەندی ڕێنماییەکان بن، بەڵام ئەو پاڵاوگانە پابەند نەبوون، بۆیە داخران و خاوەنەکانیان دەستگیر کران، جێگەی دڵخۆشیشە ھەر لەم بوارەدا ئەوە بزانین زۆر لە پاڵاوگەکان کۆنترۆڵ کراون و خاوەنەکانیشیان پابەندن بە ڕێنماییەکان.
دەشڵێت، سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە پارەوە بە نووسراو داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان کرد کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ھەڵگرتنی ڕەسمی گومرگیی بە ڕێژەی (١٠٠%) لەسەر ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لە چوارچێوەی ھەنگاوەکانی برەودان بە ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دۆستی ژینگەیە، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان دووکەڵ و دەرھاویشتەی گازییان نییە، ھەروەھا کارەباکەی لە سەرچاوەیەکی وزەی ناوخۆییە.
ڕاوێژکاری بواری ژینگە لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونیشی کردەوە، ئەمساڵ حکوومەت بڕیاری دا پارەی یەکەم تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی وەرنەگرێت، لە پارەی ژینگەش خۆشبێت، ئەم ھەنگاوەش بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە لەو بەروارەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە ئێستا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ھەرێمی کوردستان زۆر بووە، بەتایبەت دوای بڕیاڕەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون لە باجی ھاوردەکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، چاوەڕێش دەکرێت ساڵانی داھاتوو ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێن.
بڵند ئیبراھیم




