ئەمساڵ کێشەی ئاو لە ھەولێر بەڕێژەی ١٠٠% چارەسەر دەبێت

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی "دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرا لە ھەولێر، کێشەی نێوەی زیاتری ھەولێر چارەسەر کراوە، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە ئەمساڵ کێشەی ئاو لە ھەولێر بەڕێژەی ١٠٠% چارەسەر دەبێت."
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری خێرا لە ھەولێر، قۆناغی دووەمیش بەشێکی زۆری تەواو بووە، پڕۆژەکە توانای ٢٠ھەزار مەتر سێجای ئاوی ھەیە، ئێستا حەوت ھەزار مەتر سێجا تەواو بووە و کەوتووەتە کار، سێچوار ھێڵی گواستنەوە ھەیە، ئێستا ھێڵێکی ھەزار و ٢٠٠ملم تەواوبووە و کاردەکات، ھێڵێکی دیکەی ھەزار و ٢٠٠ملمیش دەکەوێتە ١٥٠مەتری، ئەویش کاری تێدا دەکرێت، دوو ھێڵی دیکەی ٨٠٠مەتری ھەنە ئەوانیش لەسەر شەقامی ١٢٠مەترین، کاری بەردەوامیان تێدا دەکرێت و بڕیارە تا مانگی ١١ و ١٢ی ئەمساڵ بە قۆناغ تەواو بکرێت و پڕۆژەکە ١٠٠% تەواوبێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان."
ئاری ئەحمەد گوتیشی "لە ھەموو پڕۆژەکە کار کراوە، دوو وێستگە ھەیە یەکێک تەواو بووە و کاری پێ دەکرێت و بەتەواوی کەوتۆتە کار، سێ ھێڵ ماون ئەوانیش بەرەو تەواو بوونن، بەردەوام لە ھەموو بەشەکان کار دەکرێت، ئێستا نزیکەی ٣٥٠ھەزار ھاووڵاتی سوود لە قۆناغی یەکەم وەردەگرن، کە پڕۆژەکە تەواو دەبێت ملیۆنێک و ٥٠٠ھەزار ھاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرن، بەتەواوبوونی قۆناغی یەکەم ٥٥%ی کێشەی ئاوی ھەولێر چارەسەر بووە، بەتەواوبوونی تەواوی پڕۆژەکە کێشەی ئاو بەڕێژەی ١٠٠% چارەسەر دەکرێت، ھەزار بیریش دادەخرێن، ئێستا لە قۆناغی یەکەم ٣٠٠ بیر داخراون، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و سوودوەرگرتن لە ئاوی سەر زەوی."
بڵند ئیبڕاهیم




