د.ئاگرین عەبدوڵڵا: کاردەکەین بۆ ئەوەی ناوچە کوردستانیەکان ئاوەدان بکرێنەوە

ھەولێر -KDP.info- نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان گوتی "کاردەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی ئاوەدان بکرێنەوە کە بەھۆی شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە ھەردوو پارێزگای مووسڵ و کەرکووک هەماهەنگی دەکەین."
د.ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "من ئەندامم لە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەھۆی شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتووە، سندوقەکە لە بەغدایە بۆ ئەوەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی پێشکەشی ئەو ناوچانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە، سێ مانگ جارێک کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین و پێمان باشە لەگەڵ پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ھەماھەنگی بکەین بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی کوردستانین و زیانیان بەرکەوتووە، ئەوان لە ھەموو بوارەکان پڕۆژەمان بۆ بەرزبکەنەوە و ئێمەش کاری لەسەر بکەین، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی پارێزگای مووسڵمان کرد بۆ ئەوەی ئەو ھەماھەنگییە دروست بکرێت."
د.ئاگرین عەبدوڵڵا گوتیشی "دەمانەوێت لە بەغدا کاتێک گفتوگۆ لەسەر پلان و پڕۆژەکان دەکرێت، ئێمە پشتگیری لێ بکەین و ڕەزامەندی وەرگرین بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن، ئەوە نەک تەنیا لە مووسڵ، لە کەرکووکیش بە ھەمان شێوە، سەردانی ئەوانیش دەکەین، بەتایبەت بۆ پلانی ٢٠٢٦.
ئێمە فۆکسمان لەسەر ناوچە کوردستانییەکان دەبێت، لە شنگال تا مەخموور، لە کەرکووکیش بە ھەمان شێوە، بۆ ئەوەی داواکاری بەرز بکەنەوە بۆ سندووقەکە، ئێمەش پشتگیرییان بکەین و ڕەزامەندی وەربگرین، حکوومەتی عێراق بودجە تەرخان دەکات، ئێمەش ھەوڵ دەدەین ڕەزامەندی زۆرترین پڕۆژە لە هەموو سێکتەرەکان بۆ ناوچە کوردستانییەکان وەربگرین."
بڵند ئیبراھیم




