حکوومەتی ھەرێم بەشەبەنزینی دھۆکیشی زیاد کرد

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک دەڵێ، دوای ئەوەی لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا بەشەبەنزینی دھۆک و زاخۆ کەمی کردبوو، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشەبەنزینی بۆ زیاد کردووینەتەوە و ئێستا رۆژانە نزیکەی ٥٠٠ ھەزار لیتر بەنزینمان بۆ دابین دەکرێت.
کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەھۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا بەشەبەنزینی پارێزگای دھۆک و زاخۆش بۆ ٢٨٨ ھەزار لیتر بەنزین کەمی کردبوو، بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشەبەنزینی حکوومیی بۆ زیاد کردووین بۆ ٤٦٨ ھەزار لیتر لە رۆژێکدا، بۆیە ئەمەش ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا زیادبوونی بەشەبەنزینی حکوومی لە دھۆک و زاخۆ کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر نرخەکەی دروست بکات.
کارزان رەئووف گوتیشی، لە ئێستادا لە پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رۆژانە لە ١٣ بەنزینخانە بەنزینی حکوومیی پاڵپشتیکراوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە لیتری بە ٧٥٠ دینارە، ئەمەش کاریگەریی زۆر باشی دەبێت بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە پارێزگای دھۆک و زاخۆ هەرزان بێت، چونکە ماوەیەک بوو بەشەبەنزینمان کەمی کردبوو و ئێستا جارێکی دیکە بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
دەشڵێت، چەند بەنزینی زیاتری حکوومی لە بەنزینخانەکان دابەش بکرێت، ئەوەندە کاریگەریی زیاتر دروست دەکات لەسەر نرخی بەنزینی بازرگانی، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناویەتی.
ھەفتەی ڕابردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشەبەنزینی حکوومی لە پارێزگای ھەولێریش زیاد کرد و رۆژانە لە ھەولێر لە ٥٠ بەنزینخانە بەنزینی حکوومی دابەش دەکرێت، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا لە ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر بەشەبەنزینی حکوومی کەمی کردبوو.
بڵند ئیبراھیم




