٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماڵپەڕی KDP ئەو ھۆکارانە دەخاتەڕوو كە بوونەتە مایەی بوژانەوەی کەرتی ئاژەڵداری

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی زۆر بە کەرتی ئاژەڵداری دراوە، بە جۆرێک ئێستا دوای دامەزراندنی کارگەی "زۆم" خەڵکێکی زۆر ڕوو لە کاری ئاژەڵداری دەکەن، چونکە بەرھەمەکانیان ساخ دەبنەوە.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە کەرتی ئاژەڵداری داوە و بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو کەرتە بووژاوەتەوە، بە جۆرێک ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ١٠٥ پڕۆژە بە وزەی ١٠٧ ھەزار سەر ئاژەڵی گۆشت ھەن و لە مانگای شیریش ٨٨ پڕۆژە بە وزەی ١٥ ھەزار سەر ئاژەڵ ھەن، بۆیە بەھۆی ئاسانکاریی حکوومەت بۆ ئاژەڵداران و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانیان لە گۆشت و شیرەمەنی، خەڵک بەردەوام ڕوو لە بەخێوکردنی ئاژەڵ دەکەن و ژمارەی پڕۆژەکانیش لە زیادبووندان.

ناوبراو گوتیشی، لە ئێستادا جگە لە پڕۆژەکان خەڵکیش بە شێوەی بەرچاو ڕوویان لە ئاژەڵداری کردووە، کە لە ھەرێمی کوردستان ٤ ملیۆن و ٥٠٠ئا ژەڵی بچووک وەک بزن و مەڕ و ٢٥٠ ھەزار ئاژەڵی گەورە ھەن و خەڵک بەخێویان دەکات، ئەمەش بۆ دوو ھۆکار دەگەڕێتەوە، ھەم بەرھەمیان ساخ دەبێتەوە و ھەمیش گۆشت پارەی باش دەکات، چونکە پێشتر ئاژەڵدارەکان گلەییان لە نەبوونی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانیان ھەبوو، بەڵام ئێستا دوای دامەزراندنی کارگەی "زۆم" خەڵک ئەوەی ئاژەڵیشی ھەبێت زیاتری کردووە و خەڵکی تازەش ئاژەڵ بەخێو دەکەن و بووەتە دەرگایەکی باش بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیان، چونکە لە پێش دەرگا شیریان لێ دەکڕن و پارەی خۆیان وەردەگرن و گۆشتی سووریش نرخی باشە لە بازاڕ، ئەمانە ھەمووی ھۆکارن بۆ ئەوەی کەرتی ئاژەڵداری لە ھەرێمی کوردستان ببووژێتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار