پەیوەندییەکانی دەرەوە: ھیوادارین ڕاگەیاندن پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستێت

ھەولێر-KDP.info- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی دەنگۆی سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ھەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕایدەگەیەنێت: "چەند ڕۆژێکە ھەندێک میدیای نابەرپرس بە مەرامی تایبەت ھەواڵی سەردانی سەرۆکوەزیرانیان بۆ ئەمەریکا و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە بڵاوکردۆتەوە".
لە ڕوونکردنەوەکەدا ھەروەھا ھاتووە: "ھەواڵەکە دوورە لە ڕاستییەوە و ھیچ بنەمایەکی نییە".
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژە بەوەش دەکات: "ھیوادارین ڕاگەیاندن پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستێت نەک ئامانجی چەواشەکردنی ڕای گشتی بێت".




