٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی بۆ KDP: نرخی دەرمان بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاکسازیی دەرماندا شۆڕشێک ئەنجام دراوە و جگە لەوەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی ھەموو بەبێ کۆنتڕۆڵی دەرمان ناچێتە بازاڕ، نرخی دەرمانیش بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠% دابەزیوە و بڕیارە لە قۆناغی دووەمدا داشکاندنی دیکەش بکرێت.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، شانازییەکی گەورەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە شۆڕشێک لە چاکسازیی دەرماندا ئەنجام دراوە دوای دەیان ساڵ لە بوونی دەرمانی نایاسایی و قاچاغ و دوور لە چاوی حکوومەت، کە توانرا بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو شۆڕشە لە چاکسازیی دەرمان سەرکەوتوو بێت.

د. سامان گوتیشی، ھەر کارگەیەکی دەرمان لە ھەر وڵاتێکی دنیا ھەیە تۆمارێکی بۆ دروست کراوە و پڕۆسەکە زۆر وردە لەسەر بنەمای چەندین پێوەر و بڕوانامەی نێودەوڵەتییە و دووەم بەرھەمەکە تۆمار دەکرێت و مەرج نییە ھەموو بەرھەمێک لە تۆماری ھەرێمی کوردستان دەربچێت، ئەمەش قۆناغی دووەمە تۆمار دەکرێت و سێیەم بەکارھێنانی سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان، کە چەندین سەرچاوەی نێودەوڵەتی ھەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان و کۆمەڵێک بڕوانامەی نێودەوڵەتی دیاری کراون و ھەر کۆمپانیایەک خاوەنی ئەو بڕوانامە نێودەوڵەتیانە نەبێت، بەدڵنیاییەوە لێی وەرناگیرێت، بۆیە ئەوەی لەم پرۆسەیە دەرنەچووبێت نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت، کە بابەتی پشکنین و تاقیگەکەکان و بەکارھێنانی پێداویستیی تاقیگەش، بە شێوەی سەردەمیانە و بەپێی پێوەرەکانە.

بەرزنجی ڕوونیشی کردەوە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان لە بازاڕ تا ھاووڵاتی لێی دڵنیا بێتەوە، بەپێی مۆری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەناسرێت لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنی دژی ساختەکردن و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای ھەرەپێشکەتووی دژەساختە و ستیکەریش لە ھەموو دەرمانێک دەدرێت تاوەکو خوێندنەوەی بۆ بکرێت بە شێوەی ئەلیکترۆنی، بۆ ئەوەی بزانێت لە کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان دەرچووە و نرخیشی لەسەرە، کە نرخدانان پڕۆسەیەکی قورسە و خۆشبەختانە توانیمان لە پڕۆسەی نرخدانان وەکو یەک بێت و لەم پرۆسەیەدا داشکاندنیش کراوە لە دەرمان بە نزیکەی ٢٠%، وەکو نموونە لە ساڵی ڕابردوو کۆی ئەو دەرمانانەی ھاتوونەتە ھەرێم بەراورد بە ساڵانی پێشوو ٢٣٩ ملیار دینار داشکاندنی بۆ کراوە، ئەوەش بۆ ھاووڵاتی گەڕاوەتەوە، کە ئەمە قۆناغی یەکەمە و قۆناغی دووەمیش بەڕێوەیە بۆ داشکاندنی زیاتر.

وەزیری تەندروستی ھەروەھا ئاماژەشی دا، بۆ بەدواداچوونی ناو بازاڕ تیمەکانی پشکنین بەدواداچوون بۆ کۆمپانیا و کۆگا و دەرمانخانەکانیش دەکەن و ئەگەر یەک پاکەت دەرمانیش ھەبێت پێچەوانەی بڕیار و ڕێنماییەکان، بە سەرپێچی گەورەی دەزانین و تاوانە، بۆیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و دادگا و داخستن دەکرێنەوە و وەرگرتنەوەی مۆڵەتیش ھەبووە و لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمە زۆر کراوە و ھۆکارێکیشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان، بۆیە ئێستا دەرمان لە ھەرێمی کوردستان کوالێتی باشە، چونکە ئەوەی دەرمانی باش نەبێت تاوانی دژە مرۆڤایەتییە، بۆیە ئێستا ٩٩%ی دەرمانی ھەرێمی کوردستان دەرمانی کوالێتی و یاساییە و لە ھەموو پشکنینەکان دەرچووە و ھاووڵاتیان ئێستا ئاسوودەن لە ڕووی نرخیشەوە، کە دەرمانی نەخۆشیی دڵ  ھەبووە پێشتر بە ٧٠ ھەزار بووە، ئێستا بووەتە ١٥ ھەزار دینار و کێبڕکێش لە نێوان دەرمانخانەکان دروست بووە بۆ ئەوەی بازاڕیان ھەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار