٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکووک ساڵیادی ھونەرمەند سابیر کوردستانی بەرز ڕادەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک -KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەندی دیاری کوردستان سابیر کوردستانی بەرز ڕادەگرێت.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ـی ٨ـی ٢٠٢٥ لە شاری کەرکووک بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و، د.شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و محەممەد کەمال بەرپرسی لقی٣ پ.د.ک و، سەرۆک و ئەندامی فراکسیۆنی پ.د.ک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و، ژمارەیەکی بەرچاو لە ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتی و ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی شاری کەرکووک و خانەوادە ھێژاکەی، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا (٥)ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەندی دیاری کوردستان (سابیر کوردستانی) بەرز ڕاگیرا.

لە وتەیەکدا، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لەبارەی یادەکە گوتی: یەکەم چالاکی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکووک بۆخۆی مانایەکی قووڵی ھەیە، چونکە ئەم چالاکییەمان کردە چەپکێک گوڵی وەفا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەم یادەوە بە ھەمووان بڵێین ئێمە لە کەرکووکین و، لێرە دەمێنیینەوە و بەیانیش دێینەوە.

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن باسی یەکەم دەرکەوتنی ڕەوانشاد سابیر کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، دەمانەوێ پێکەوە لە ئێوارەیەکی پڕ ڕەنگی کەرکووکی دڵی کوردستان بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ١٩٧٠ و ڕێککەوتننامەی ئادار و، ئەم دەستکەوتە مەزنەی ئەیلوول کە مامۆستا سابیر کوردستانی لەوێ لەڕێی گۆرانییەوە خۆی ناساند و دوو ساڵ دواتر لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوان، دووبارە بە قووڵتر خۆی ناساند و لەوێیوە سابیر کوردستانی بووە ناوێکی زۆر کاریگەر و گەورە کە ئێستا ھەموومان یادی دەکەینەوە.

هاوکات ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە ھونەرمەندی دیاری کوردستان (سابیر کوردستانی) لەلایەن د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەخشرایە خانەوادە ھێژاکەی.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، (ھانا سابیر کوردستانی) کچی کۆچکردوو سابیر کوردستانی، گوتاری بنەماڵەی خوێندەوە و، تیاییدا بە گرنگیی و پێزانینەوە باسی لە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد لە پاراستنی ناو و مێژووی ھونەرمەندانی ڕەسەنی کوردستان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار