٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی گەشتوگوزار بۆ ناساندنی کولتووری کوردی بە جیھان مەرجێکی داناوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ ناساندنی کولتووری ھەرێمی کوردستان بە وڵاتان، لە شوێنە گەشتیارییەکان مەرجە و پێویستە بەرھەم و کاری دەستیی ناوخۆیی نمایش بکرێن و ھەموو ناوچەکان مۆرکی کوردییان پێوە دیار بێت، ئەگەرنا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، یەکێک لە مەرجەکان لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان، پێویستە تابلۆی کوردی ھەڵواسن لەجیاتی تابلۆی زمانی دیکە و لە ڕووی موزیک و گۆرانیی کوردییەوە ھەوڵ دراوە زۆرترین موزیک و گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی لێبدرێت، لە کاری دەستی و بەرھەمی خۆمانەش خول بۆ ٣٨٠ کەس کراوەتەوە ئەوانەی لە بواری دەستیدا کار دەکەن لە ناوچە گەشتیارییەکان بە ھاوکاریی رێکخراوێکی ئەڵمانی و یونسکۆ، کە ئێستا لە ھەموو ناوچە گەشتیارییەکان کاری دەستی نمایش دەکەن و ھەمووشیان کچ و کوڕن.

سیروان تۆفیق گوتیشی، ئەو کەسانەی خولەکەیان بینیوە، کاری دەستیی تایبەت بە کوردەواری دەکەن وەکو دروستکردنی فەرش و تەسبیح و جوانکاریی ئافرەت و چەندین سەنتەر و ناوەندیشمان ھەن ئەوانیش ئەو کارە دەکەن، بۆ ئەوەی بیانفرۆشنەوە بە گەشتیاران، کە ئامانجمان لەو کارە ناساندنی کولتووری کوردستان بە ئایین و ئایینزا جیاوازەکانە کە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی ئەوانەی دێنە ھەرێمی کوردستان، یادگارییەکی ئێرە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە وڵاتەکەیان، چونکە ئەمە لە ھەموو وڵاتان ھەیە و یەکێک لە کارەکانی ئێمەش گرنگیدان بە بەرھەمە خۆماڵییەکان و بەبازاڕکردنیانە.

دەشڵێت، ئەوەی پێشێلی ئەو مەرجە بکات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و پێویستە پابەندی ئەو بڕیارە بێت و ئەوەش بۆ ھەمووان کراوەتە مەرج، بۆیە تا رادەیەکی زۆر باش ئەو مەرجە جێبەجێ کراوە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار