٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری سووتەمەنی بۆ KDP: حکوومەت بەشەبەنزینه‌كه‌ی زیاد کردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر گوتی، لە ماوەی ڕابردوودا بە ھەندێک ھۆکار بەشەبەنزینی حکوومی کەمی کردبوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشەبەنزینی ئێمەی وەکو خۆی زیاد کردووەتەوە و ئێستا رۆژانە لە ٥٠ بەنزینخانە بەنزین دابەش دەکرێت، ئەمەش وادەکات نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان دابەزێت.

ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بە ھەندێک ھۆکار بەشەبەنزینی حکوومی، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێمەی دابین دەکات، لە ٢٦ تەنکەرەوە بۆ ١٧ تەنکەری رۆژانە کەمی کردبوو، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی بەنزینی کەمتر لە ھەولێر رۆژانە دابەش بکرێت و ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی لێ دابەش دەکرێت کەمتر ببنەوە، کە ئەو بەنزینە لیتری بە ٧٥٠ دینارە، ئەمەش کاریگەری دروست دەکات تا نرخی بەنزینی بازرگانیش هەرزان بێت، لەبەر ئەوەی بەھۆی کەمبوونەوەی بەشەبەنزین نرخیشی ھەندێک گران ببوو، بۆیە ئێستا بەشەبەنزینی ئێمە وەکو خۆی زیاد کراوەتەوە.

ئاری کاکەشین گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بەشەبەنزینی حکوومی زیاد بێت، تاوەکو نرخی بەنزین بە گشتی هەرزان بێت، بۆیە دوای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ھەبوون، بەشەبەنزین زیاد بووە و ئێستا رۆژانە لە ٥٠ بەنزینخانە بەنزینی حکوومی دابەش دەکرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی بەنزینی بازرگانی دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار