کۆمسیۆن ئەمڕۆ کاتژمێر 6 تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و ھاوپەیمانی و کاندیدان دەکات

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ کۆمسیۆن تیروپشک بۆ ژمارەی ھاوپەیمانی و لیست و کاندیدانی تاک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ ژمارەی ھاوپەیمانی و لیست و کاندیدانی تاک بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدات، کە بڕیارە ئەمساڵ ئەو ھەڵبژاردنە بەڕێوە بچێت.
جومانە غەلای گوتیشی، داوا لە ھاوپەیمانی و حیزب و کاندیدانی تاک و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و رۆژنامەنووسانیش دەکەین ئامادە بن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارە تیروپشک لە هۆتێلی مەسنوور میلیا ئەنجام بدرێت.
دەشڵێت، بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق ٣١ ھاوپەیمانی و ٣٨ حیزب و ٧٩ کاندیدی تاک و پێکھاتەکان بەشدار دەبن.
بڵند ئیبراھیم




