٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیاری حوسێن بۆ KDP: ئامانجی سەردانه‌كانمان بۆ یەک دەنگی کوردە لە کەرکووک

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دەڵێت، ئامانجی سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەکان بۆ ئەوەیە کورد یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بێت، هەروەها دەشڵێ تاوەکو داواکاری و مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێت بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا ناکەین.

په‌یوه‌ست به‌ سه‌ردانه‌كانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بۆلای لایه‌نه‌كانی كه‌ركووك، دیاری حوسێن، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تایبه‌ت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوای گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک، لایەنەکان سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و ئێمەش سەردانمان کردن و ئامانجیشمان بۆ یەک دەنگی کوردە لە کەرکووک بەتایبەت لەدوای ھەڵبژاردن، چونکە ئێستا ناتوانین بەیەک لیست بەشداری بکەین بەھۆی ئەوەی وادەی تەواوبووە و خەریکە ژمارە بۆ لیستەکان دیاری دەکرێت، بەڵام دەمانەوێت کورد یەک دەنگ و یەک ھەڵوێست بێت و ئێستا و دوای ھەڵبژاردنیش بۆ ئەوەی بتوانین مافی کورد بپارێزین و ئەوەی ماوە بەدەستیبێنین لە دەسەڵات و حکوومەتی خۆجێی و ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو کێشەی بۆ دروستبووە چارەسەر بکرێت.

دیاری حوسێن گوتیشی، "ھەموو لایەنەکان بەواقع دەیانەوێت پێکەوەژیان لە کەرکووک ھەبێت جیاوازی نەکرێت لەنێوان پێکھاتەکان بەھۆی ئەوەی ھەندێک ڕەفتاری نابەجێ دەبینین ئەمە بۆ ئەوەبوو یەکدەنگی و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن بەردەوام بێت لە ئایندە و ئەوانیش دەستپێشخەری ئێمەیان پێباش بوو و ڕایان باشە و ئومێد دەکەین ئەو گرفتانەی ھەبوون چارەسەر بکرێن.

یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک - گەرمیان دەشڵێت، "لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئێمە بەردەوامین لە بایکۆت کردن و شەش ئەندامی دیکەش لەگەڵ ئێمە بایکۆتیان کردووە ئێستا نیوەی بایکۆتی کردووە و نیوەی دەوام دەکەن و تاوەکو داواکاری و مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێت بەشداری ناکەین و ئەوانیش ناتوانن کۆبوونەوە ئەنجامبدەن بەبێ ئێمە، چونکە کۆمەڵێک گرفت ھەیە لە ئیدارە و دەسەڵات و دابەشکردنی پۆستەکان پێویستە چارەسەر بکرێت ئەوکات بەشداری دەکەین ئەگەرنا تا ھەڵبژاردنی داھاتوو بەردەوام دەبین.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار