بەبێ ئەوەی دەستکاری سروشت بکرێت پڕۆژەی گەشتیاری لە کوێستانەکانی کوردستان جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە لە ڕێگەی کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی پڕۆژەی گەشتیاری لە کوێستانەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی دەستکاری سروشت بکرێت ئەنجامبدرێن.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "کار دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچە سنووریەکان لە کوێستانەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامبدەین بەبێ ئەوەی ھیچ دەستکاری سروشتی ھەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە لە ڕابردوو بەھۆی ھەندێک بارودۆخ و ئاسایشی ناوچە سنووریەکان ئەنجامدانی پڕۆژە لەو سنوورانە ئەستەم بوو، بۆیە پلان و بەرنامە دانراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی پڕۆژەیان لێ جێبەجێ بکەین.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی، "مەبەست لەوکارەش بۆ ئەوەی سوود لە کوێستانەکانی ھەرێمی کوردستان وەربگرین بۆ گەشتوگوزار بەبێ ئەوەی دەستکاری سروشت بکرێت و دەتوانین سوودی زۆری لێوەرگرین و ناوچەی زۆر جوانمان ھەیە بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ فەرماندەی یەکی پاسەوانی سنووری عێراق لە ھەرێمی کوردستان گفتووگۆمان کردووە، بۆیە پلانی زۆر باشمان داناوە و کاری زۆر باش دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




