٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھێمن ھەورامی سوپاس و دەستخۆشی پارتی پێشکەش به‌ کونسوڵی گشتی ئەمریکا کرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی له‌ کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان كرد و لە دیدارەکەدا (ستیڤن بیرتنەر) هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە پاڵپشت و پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بەهێزن و بیروڕاشیان لە بارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق ئاڵوگۆڕکرد.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئابی ۲٠۲٥ لە پیرمام، د. ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن بیرتنەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

هەر لەو دیدارەدا کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە پاڵپشت و پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بەهێزن و ئیدانەی پەلامارە درۆنییەکانی ئەم دواییانەیان دووپات کردەوە.  بەرنامەکانی ئەمریکا لە هاوکاری هەرێمی کوردستان لە ڕووی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سێکتەرە ئابووری و خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو. لە بارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، سیاسەتی وڵاتەکەی شیکردەوە.

د. ھێمن ھەورامی، وێڕای بەخێر هێنانی کونسوڵی ئەمریکا، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ماوەی کاری وەک کونسوڵ لە هەرێمی کوردستان، بە ناوی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ سوپاس و دەستخۆشی و پێزانینی بۆ کارەکانی کونسوڵی ئه‌مریكا لە ماوەی یەک ساڵی کارکردنی لە هەولێر، پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی لە کاری نوێی بۆ خواست.

د. ھێمن ھەورامی، دۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستان و دوا هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم و بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی لەگەڵ برایانی یەکێتی بۆ شیکردەوە. 

د. ھێمن ھەورامی، وێڕای سوپاسی هەڵوێستی ئەمریکا لە ئیدانەکردنی پەلامارە درۆنییەکان، بەڕوونی ئەوەی خستە ڕوو کە دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تەواوی وردەکاری ئەنجامدەرانی هێرشە درۆنییەکان و لایەنی پشت ئەو پەلامارانەیان لایە و گوتی، چاوەڕێین ئەو لیژنە لیکۆڵینەوەیەی حکوومەتی عێراق ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە و حکوومەتی عێراق لایەنی ئەنجامدەر ئاشکرا بکات و بە سزای یاساییان بگەیەنیت.

لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە بارەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ۱۱ی ئەمساڵ، ڕوانگە و ئامادەسازییەکانی لایەنەکان و ئاراستەی کێبەرکێ و سیناریۆکان گفتوگۆ کران.

هەواڵی پەیوەندیدار