وەزیری ناوخۆ: پێویستە حکوومەتی فیدراڵ چیدیکە بیانوو بە خەڵکی کوردستان نەگرێت

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە مووچەی خەڵکی کوردستان بنێردرێت و چیدیکە بیانوو بە هەرێمی کوردستان نەگیرێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی کێشە دروستکردن لە نە ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان گوتی، "پرسی مووچە بووەتە چیرۆکێکی دوور و درێژ، لەگەڵ ئەوەی مووچە مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێوە پابەندە، گوتیشی، "نێوانی ئێمە و حکوومەتی عێراق دەستوورە، بۆیە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و یاسا جێبەجێ بکرێت، پێویستە مافی خەڵکی کوردستان بدرێت و کۆتایی بە سیاسەتی دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان بێت.
وەزیری ناوخۆ گوتی، "پێویستە کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بێت، بڕینی مووچە و بوودجەی کوردستان کەمتر نییە لەو کارەساتانەی پێشتر بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئابڵوقەیەکی گشتی بەسەر خەڵکی کوردستان کارەساتێکی گەورەیە، دەخوازین بە دەستوور و ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکی خۆی بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە، ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە دەرەوەی یاسا و دەستوورە، بەڵام بۆ ئەوەی مووچەی خەڵکی کوردستان خەرج بکرێت، سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەی پەسەند کرد، لەبەر ئەوە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ چیدیکە بیانوو بە خەڵکی کوردستان نەگرێت و مووچەی خەڵکی کوردستان خەرج بکات.
لەبارەی ناوچەکانی ماددەی 140 کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ناسێندراون، ڕێبەر ئەحمەد تیشکی خستە سەر ئەوەی، هەموو پێکهاتەکانی لە ناوچەکانی ماددەی 140 دا دەژین لە ئێزدی، مەسیحی و شەبەک و پێکهاتەکانی دیکەش، لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەی بوونی خۆیان و نەمانی کلتووریاندان، چونکە گۆڕانکارییەکی دیموگرافی گەورە لەو ناوچانە دەکرێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکوومەتی فیدراڵی کرد، سنوورێک بۆ گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچانە دابنێن، گوتی، مەبەستی ئێمە لە ڕێککەوتنی شنگال ئەوەیە، خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و ڕێگریی لە گۆڕینی دیموگرافیش بکەین.
لەبارەی هێرشە درۆنییەکانیش، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەیە، لێژنەیەکی تەکنیکیە و کاردەکات بۆ ئەوەی یەکلا بکاتەوە ئەو جۆری درۆنانە هی کامە گرووپی چەکداری عێراقە و بەکاری دێنن، بەڵام بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش دیارە کێنە ئەو گرووپ و لایەنانەی ئەو جۆرە درۆنانەیان هەیە، پێشتریش ئەو جۆرە درۆنانەیان ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە.
گوتی، "دەزانین لە کوێ درۆنەکان دروست دەکرێن، چۆنیش ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، ئامانجیشیان تێیدا چی بووە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین، لێژنە هاوبەشەکە بگاتە ئەنجام و ڕاپۆرتێکی ڕاست و دروست و عادیلانە، ئەنجامی ڕاپۆرتەکە ڕابگەیەندرێت، ئەو کەس و لایەنانەی کە لە پشتی هێرشەکانیشن، سزا بدرێن.




