ئەحمەد کانی بۆ KDP: بەری خۆر بە بێژینگ ناگیرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی کار و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێ، حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، دەسکەوت و پڕۆژە عیملاقەکانی باڵای بەرزترە لە باڵای ئەو دیوارە قەزەمانەی کەسانێک پێیەوە خەریکن.
ئەحمەد کانی، ئهندامى کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندن، لە بارەی پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند، "بەری خۆر بەبێژینگ ناگیرێت، کەس ناتوانێت پڕۆژە نایاب و ناوازەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسروور بارزانی لە ویژدانی زیندووی گەلی کوردستان ڕەش بکاتەوە.
ئەحمەد کانی، نموونە بە چەندان پڕۆژە ئەهێنێتەوە وەک، پڕۆژە عیملاقەکانی وەکوو پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای ٢٤ کاتژمێری، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا و چارەسەرکردنی بێ ئاوی، دروستکردنی چەندان پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو، سەرخستنی پڕۆژەی هەژماری من سەرەڕای دژایەتیی کردن و دروستکردنی ئاستەنگەکان، درێژەدان بە ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی ڕێگا ستراتیژییەکان و قیرتاوکردنیان و بەردەوامیی پێشکەوتن و وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکانی دیکە.
ئەحمەد کانی، دەشڵێ، بە داخەوە هەندێ کەس بە مەبەست و دەستی ئەنقەست لە هەوڵ و تەقەلای بێ وچانن، دیوار و پەرژین و بەربەست لە نێوان حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان دروست بکەن.
ئەو دڵنیاییش دەدا، کە هەمیشە حکوومەتی هەرێم، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسروور بارزانی، بە دەستە ڕەنگینەکەی بەم دەسکەوت و پڕۆژە عیملاقانەوە باڵای بەرزترە لە باڵای ئەو دیوارە قەزەمانەی ئەوان پێیەوە خەریکن.
خێڵان بەختیار




