ئەمساڵ هەموو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە خاوەن کارەبای بەردەوام

سۆران -KDP.info- بەڕێوبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "ئامادەکاری تەواو کراوە، لە دوو مانگی داھاتوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھەمووی دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری و چیتر کێشەی کارەبامان نامینێت."
ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە مانگی داھاتوو تا کۆتایی مانگی ١٠، ھەموو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤کاتژمێری. ئەمە پڕۆژەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، زۆر پەلەی لێ دەکرێت بۆ ئەوەی بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت، بۆیە لەسەنتەری سۆران و دەوروبەری کارەبا بە یەک پاکێج دەبێتە ٢٤ کاتژمێری."
ئەردەوان ئیبراھیم ئاماژەیشی دا "بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١١٦ موەلیدە، لەخەلیفان نزیکەی ٣٠ موەلیدە، لە چۆمان، مێرگەسۆر و ڕەواندزیش نزیکەی ١٦٠ موەلیدە دەکوژێنەوە و خەڵک دەبنە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری و چیتر کێشەی کارەبا لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران نامینێت."
بڵند ئیبراھیم




